عەلی حوسێن: هەندێ لایەن یەکڕیزییان دەوێت

 عەلی حوسێن: هەندێ لایەن یەکڕیزییان دەوێت
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی پێی وایە، کاتی خۆیەتی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یەکدەنگ و یەکڕیز بن، ئەوکات نەک بەغدا هیچ هێزێکی تر ناتوانێت، ئیرادەی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات.

سەرۆک بارزانی، بە بۆنەی بیست‌وحەوتەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە، هاوکات داواشی لە سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کرد، لە وەڵامی بڕیاری تێپەڕاندنی بودجەی گشتیی عێراق بەبێ حیسابکردن بۆ مافەکانی هەرێمی کوردستان لە بەشە بودجەکەدا، هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەبێت.

عەلی حوسێن ڕایگەیاند: "سەرۆک بارزانی بە حوکمی پێگە بەهێزەکەی، ئەرکی سەر شانی خۆی بەجێ هێناوە، لەو بەیاننامەیەشدا بە ڕوونی دیارە، کە داوای یەکڕیزیی هەموان دەکات".

ناوبراو پێشی وایە، گەر لایەنە کوردستانییەکان تەبا بن، نەک بەغدا، بەڵکو هیچ هێزێکی تر ناتوانێت ئیرادەی خەڵکی کوردستان بشکێنێت، هێماش بۆ ئەوە دەکات، کە بە هۆی هەندێ بەرژەوەندی، عوقدەی مێژوویی، نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن و بوونی دەستکەوتێکی کاتی وای کردووە، لایەنە سیاسییەکان ناکۆک بن.

هەر ئەو ناکۆکییەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە، کە بووەتە هۆکارێک تاوەکو بەغدا بتوانێ مەرجەکانی خۆی بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی پێی باشە ئەو بەیاننامەی سەرۆک بارزانی و تێپەڕاندنی بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق و بارودۆخی ناهەمواری عێراق و ناوچەکەش ببنە هۆی کۆبوونەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، بگەڕێنەوە بۆ ئیرادە و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان، چونکە بە یەکگرتوویی نەبێت، زۆر شت لە دەست دەدەین، لە کاتێکدا هەڵبژاردنیشمان لە پێشە.

ئەوەی بە لای زۆربەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە جێی سەرسامییە، ئەو یەکڕیزییەی فراکسیۆنە کوردستانییەکانە لە بەغدا و بە پێچەوانەوە لە هەرێم ناکۆکی هەیە. عەلی حوسێن نایشارێتەوە، کە هەندی لایەنی سیاسی خواستی یەکڕیزییان تێدا هەیە، دەشڵێت: "بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێ بە ئاراستەی یەکڕیزیدا هەنگاو بنێن، پەیامەکەی سەرۆک هاوکار دەبێت".

عەلی حوسێن گوتیشی: "وەک مەکتەبی پەیوەندییەکان هەوڵ دەدەین هەنگاوی جددی و بەرهەمدار لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بگێڕین، لە پێناو ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی".











KDP
Top