فەرماندەیەکی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری ڕانیە تیرۆر کرا
قادر وریا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو لە گوندی (هەرتەل) سەر بە شارەدێی سەروچاوە لە ئیدارەی ڕاپەڕین لە پارێزگای سلێمانی، قادر قادری، فەرماندەی پێشمەرگەی حزبەکە، بە فیشەک کوژراوە و تەرمەکەی لەلای ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەوان ئێستا لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ڕووداوەکە دەکەن و دواتر وردەکارییەکەی بڵاو دەکەنەوە.
هاوکات سەرچاوەیەک لە پۆلیسی ڕانیە ڕاگەیاند کە ئەو ڕووداوە لە (زینی هەرتەل)ی سەر بە شارەدێی سەروچاوە لە سنووری ڕانیە لە پارێزگای سلێمانی ڕووی داوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هەفتەی ڕابردوودا بۆمبێکی لاستیکی بە ئۆتۆمبێلی سەلاح ڕەحمانی، کادیری دیاری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)وە لکێنرا و لەبەردەم ماڵەکەیاندا تەقییەوە، بەهۆیەوە سەباح کە کوڕی سەڵاح ڕەحمانییە، شەهید بوو.
هەر لەبارەی تەقینەوەکەوە، تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لە چاوپێکەوتنێکی هەفتەنامەی (باس)دا ئاشکرای کرد کە ئەو ئۆتۆمبێلەی بۆمبێکەی پێوە لکێندراوە، ڕۆژی پێش تەقینەوەکە لە سلێمانی بووە و دواتر بۆ هەولێر گەڕاوەتەوە.
باسنيوز
