باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی کادیرانی بۆ سووکایەتیکردنی زیاتر بە سەرکردەکانی حزبەکە هان دەدات

 باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی کادیرانی بۆ سووکایەتیکردنی زیاتر بە سەرکردەکانی حزبەکە هان دەدات
دوای شکستهێنانی هەوڵەکانیان بۆ بەستنی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەرکردنی سەرکردە سەربەخۆخوازەکانی حزبەکە لەو ڕێگەیەوە، باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هێرۆ ئیبراهیم سەرۆکایەتی دەکات، هەوڵێکی نوێ دەخاتە گەڕ.



سەرچاوەیەکی ئاگادار لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند، باڵی دەستڕۆیشتوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کادیرەکانی یەکێتی ھان دەدات بۆ ئەوەی ھەوڵی لەکەدارکردنی ژمارەیەک سەرکردەی باڵای یەکێتی بدرێت.



جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئەوان ناتوانن بەپاساوی بەستنی کۆنگرە، دەستە چەورەکەی خۆیان بە چەند سەرکردەیەکی باڵای یەکێتی بسڕن، چونکە ھەموویان بەرپرسیارن لەبارەی دۆخی ناو یەکێتیی و بەستنی کۆنگرە“.



ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ڕوون کردەوە: ”دۆخی ناو یەکێتیی ھێندە ئەڵۆزی بەخۆیەوە بینیوە، باڵە جیاوازەکان یەکتری تۆمەتبار دەکەن. هەرچەندە باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتی بەپاساوی بەستنی کۆنگرە چەند سەرکردەیەکی باڵای یەکێتی تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ئەوان ناتوانن ئەو کارە بکەن، چونکە ھەموویان بەرپرسیارن بەرامبەر دۆخی یەکێتی و چارەنووسی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی“.



پێشتر ڕەهبەری سەید برایم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو کە ئەوان لەو سووکایەتیکردنەی بە چەند سەرکردەیەکی باڵای حزبەکەیان کراوە، نیگەرانن و هەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ و مەلا بەختیار جێگەی ڕێزن.



ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دوو ڕۆژی رابردوودا کادیرانی سەر بە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کۆبوونەوەیەکیان لە سلێمانی ئەنجام دا و تێیدا هەڕەشەی داخستنی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و ”بە شەق“ دەرکردنی کۆسرەت ڕەسوڵ و مەلا بەختیاریان کرد.



لە بەرامبەردا مەلا بەختیار ئەوەی ڕاگەیاند کە بە ”عەقڵ و ئارامی“ وەڵامیان دەداتەوە و ”یەکێتی لە تێکدەرانی“ دەپارێزن.





باسنیوز
Top