ڕاپەڕینی 1991 لووتکەی وشیاریی نەتەوەیی کورد بوو

 ڕاپەڕینی 1991 لووتکەی وشیاریی نەتەوەیی کورد بوو
ڕاپەڕینی١٩٩١، یان ڕاپەڕینە مەزنەکە ناسراو بە (ڕاپەڕین) بریتی بوو لە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی کوردستانی باشوور لەدژی ڕژێمی بەعس بە پاڵپشتیی ھێزە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی کە ئەوکات لەدژی حکوومەتی بەعس خەباتیان دەکرد و ئەمڕۆ چوارشەممە 3/7 یادی 27 ساڵەی ڕاپەڕینی خەڵکی شاری سلێمانییە.



لەبەرئەوەی ڕاپەڕینی ئازاری١٩٩١ ی گەلی کوردستان، رووداوێکی گەورە و گرنگ و ناوازەی مێژوویی بوو، دەسکەوت، گۆڕانکاری و وەچەرخانێکی گەورەی ھێنایە ئاراوە، بە کورتی لێرە دا باسی چەند لایەنێکی ڕاپەرین ئەکەین.



پێناسەی ڕاپەڕین: ڕاپەڕین شێواز و دەسکەوت و قۆناغێکی خەبات و شۆرشی ھەر گەل و نەتەوەیەکە بۆ بەدیهێنان و جێگیرکردنی ئامانجەکان و بەدەستھێنانی دەستکەوتەکان و ڕزگارکردنی گەل و وڵا، بە چەندین شێوە و ھۆکار ئەنجام دەدرێت.



ھەڵومەرجی ڕاپەرین: لە ڕاستیدا ماوەیەک بەرلە ڕاپەرین، بارودۆخی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ھەلومەرجی سیاسی لەناو هێزە سیاسییەکانی کوردستانی باشوور زۆر نالەبار و تەنگەتاو بوو، لەبەر ئەوەی کاتێک کە ٨/٨/١٩٨٨ شەڕی خوێناوی نێوان عێڕاق – ئێران وەستا، رژێمی بەعسی بەغدا دەست بەتاڵ بوو، بە ھەموو ھێز و شێوازێک کەوتە دژایەتیکردنی کورد، کوردی ئەنفال و کیمیاباران و ئاوارە و سەرگەردان کرد، شۆڕشی کوردی پووکاندەوە و، لایەنە چەکدارەکان چوونە سەر سنوورەکان، لەوێ مۆلگەیان کرد، لە ھەموو ڕوویەکەوە ژیانێکی زۆر سەخت و دژوار و کوڵەمەرگیان بەسەر دەبرد، کورد بێ پشت و پەنا بوو، پیلانی زیاتری لەسەر بوو، وەلێ کەلە ٢/٨/١٩٩٠عێڕاق ھێرشی کردە سەر کوێت و داگیری کرد، ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان لە عێڕاقیان دا، دەرگای گۆرانکاری و راپەڕین کرایەوە، سوپای رژێم تووشی تێشکان بوو، پێگەی نێودەوڵەتیی عێڕاق لاواز بوو، باری ئابووری و دەروونی و لۆجستی خراپ و لاواز بوو، لایەنە چەکدارەکانی عێڕاق ھەستا نەوە و ڕاپەڕینیان بەرپا کرد.



ئامادەباشی بۆ ڕاپەرین: بەپێی ھێز و توانای ئەوسای لایەنە چەکدارەکانی کوردستان و عێڕاق، لە ھەموو ڕوویەکەوە کەوتنە ئامادەباشی بۆ ئەنجامدانی ڕاپەرین، سەرەتا لایەنە عەرەبەکان لە خوار و دەستیان بە ڕاپەرین کرد، ڕژێم لێیان کەوتە خۆ تا ڕادەیەک ڕاپەڕینەکەی سەرکوت کرد، دواتر لە جەماوەری کوردستان و لایەنەکان کەوتنە خۆ بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕین.





7ی ئازار ڕاپەڕینی سلێمانی

دەستبەسەراگرتنی ئەمنە سوورەکەی سلێمانی لەلایەن جەماوەر و ھێزی پێشمەرگەوە و پاککردنەوەی لە پیاوانی ڕژێم و سەربازان دەستی پێ کرد.



لە ٧ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری شاری سلێمانی ڕاپەڕین و ھەر زوو ھەڵیان کوتایە سەر بنکەی حامیەیی پۆلیس و بەر دەرکی سەرا و ئازادیان کرد، ھەروەھا بۆ بەیانیی ٨ی ئازار قەڵای ئەمنە سوورەکەی سلێمانی و سەر بازگەی سەلام و پادگاکانی سەر چیای ئەزمەڕیان کۆنتڕۆل کرد بە جۆرێک بە ھەزاران سەرباز خۆیان دا بەدەستەوە و دەیان پلەدار و پیاوانی ڕژێم کوژران.




باسنیوز
Top