لایەنە سیاسییەکان: گەڕانەوە بۆ یەکڕیزی، دەستکەوتەکان گرەنتی دەکات
سەرۆك بارزانی بە بۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، ئەوەی بە ناوی پەسەندكردنی بودجە لە 3/3/ 2018 لە پەرلەمانی عێراق ڕووی دا بە ڕوونی بریتی بوو لە پێشێلكردنی شەراكەت و تەوافوق و تەوازون و بنەماكانی دەستوور و چەوساندنەوەیەكی پلان بۆ داڕێژراوی گەلی كوردستان، هیوادارم ئەو هەڵسوكەوتە زۆر لە ڕاستییەكانی بۆ ناوخۆی كوردستان و دەرەوە ئاشكرا كردبێت و بزاندرێت كە گەلی كوردستان لەگەڵ چ عەقڵییەت و فەرهەنگێك تەرەفە، كاتی ئەوە هاتووە لە وەڵامی ئەو كردارەی پەرلەمانی عێراقدا هەموو لایەنە كوردستانییەكان پێكەوە كۆ ببنەوە و بڕیارێكی گونجاو و هاوبەش بدەن.
حەسەن حەدۆ، بەرپرسی لقی 26ی گوڵانی پارتی لە باڵەكایەتی بۆ ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: بەغدا باوەڕی بە پێكەوەژیان نییە و شەراكەتی نەهێشتووەتەوە، سەرۆك بارزانیش گەیشتووەتە ئەو قەناعەتە كە عێراق هیچ كاتێك ئامادە نییە دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ بكات، گەلی كوردیش باوەڕی بەو عەقڵییەتە نییە كە حوكمڕانی لە عێراق دەكات، بۆیە دوا پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ هۆشیاركردنەوەی ڕای ناوخۆیی و دەرەوە بوو، لەگەڵ ئەوەی یەكڕیزیی گەلی كورد زۆر پێویستە، بەتایبەتی لەو بارودۆخەدا، چونكە ئەگەر یەكڕیز بین، هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت بەرامبەر بە ئێمە بوەستێتەوە، دەتوانین زۆر شتیش بە دەست بهێنین، بۆیە دەبێت لایەنەكان خۆیان یەكلا بكەنەوە و خۆیان بكەنە یەك، چونكە دوژمن بە یەك چاو سەیری هەموومان دەكات، كە هەموومانیش كوردین.
ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "عێراق ناتوانێت عێراقێكی دیموكراسی بێت و مافی پێكهاتەكان بچەسپێنێت، چونكە دەركەوت لە ساڵی 1920ـەوە کە عێراق دروست بووە تا كۆتاییهاتنی ڕژێمی بەعس عێراقی سوننییەكان بوو دژی كورد و شیعە، لە دوای 2004ـیشەوە عێراقی نوێ كە عێراقی شیعەیە، دژی كورد و سوننەیە، لەبەر ئەوە تەجرەبەی عێراقی نوێ، تەجرەبەیەكی فاشیلە، تەجرەبەیەكی تائیفییە، كورد پێویستی بە یەكدەنگی و یەكڕیزی هەیە، بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە، ئۆپۆزسیۆن بێت، یان لە ناو حكوومەتدا بێت، پێویستە هەموومان یەكدەنگ و یەكڕیز بین، لە بەرامبەر مەسەلە نیشتمانییەكان، ئەركی سەرشانی هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستانە، خیلافەكانیان لە چیای حەمرین وەلاوە بنێن، دەركەوت چەندین مانگە حەیدەر عەبادی باسی ناردنی مووچەی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە دەكات، تاكو ئێستا هیچی نەناردووە و ڕۆژ بۆ ڕۆژیش فشارەكانی لەسەر هەرێم و گەلەكەمان زیاتر دەبن.
جەمال كۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر لیستی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "ئێمە كەمینەینە لە بەغدا، ڕەفتارەكانی بەغداش دیارن كە چۆن ڕەفتار لەگەڵ كورد دەكات، وەكو هاوبەش ڕەفتاری لەگەڵ ئێمە نەكردووە، كاتێك ئێمەی بە لاواز بینی دەبینین چۆن ڕەفتارێكی دژوار لەگەڵ ئێمە دەكات، بۆیە تاكە ڕێگە لە بەردەم ئێمەدا بۆ بەدەستخستنی مافەكانمان لە بەغدا ئەوەیە یەكڕیز بین، نابێت هەركەسە و بۆخۆی بچێتە بەغدا و دانوستاندن بكات، چونكە ئەوەی هەمانە ئەویش لە دەست دەدەین، بۆیە هیچ ڕێگایەكمان لە بەردەمدا نییە، جگە لە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی، ئەو یەكڕیزیەش بەوە دروست دەبێت، كە ناوماڵی خۆمان ڕێك بخەین و ناكۆكییەكان نەهێڵین.
لە كۆتاییدا موسلیح ڕەجەب، ئەندامی سەركردایەتیی حزبی سوشیالیست دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونی كردەوە: "دەبێ هەموو حزب و لایەنەكانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بكەن و وتارێكی یەكگرتوویان بەرامبەر بە بەغدا هەبێت، تا كەی ئێمە لەو ڕەوشە ناخۆشەدا بژین، وەكو حزبی سوسیالیست داوا دەكەین هەموو لایەنەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و خۆ بكەنە یەك، هەروەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان كە لە بەغدا بوونە یەك، لەگەڵ ئەوەی باشترین چارەسەر ئەوەیە كە لە عێراق جیا بینەوە، چونكە هەر ڕۆژە و سزایەكی نوێ بەسەر گەلی ئێمەدا دەسەپێنێت، خراپتر لەوەی بەسەرمان هاتووە بەسەرماندا نایەت، بۆیە باشترین چارەسەر یەكگرتنی كورد و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانە".
kdp-
