"ڕیفراندۆم بڕیارە دروستەکە بوو"
ڕۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧ ڕیفراندۆم لە هەرێمى کوردستان ئەنجام درا، ڕیفراندۆمێک بۆ سەربەخۆیى و جیابوونەوە لە عێراق، هەروەها هەموو پێکهاتە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بە یەکەوە بەشدارییەکى بەرچاویان کرد و ڕیفراندۆم سەرکەوتوو بوو، هەرئەمەش بووە هۆى سەرکەوتنى ئەم پرۆسەیە، لە لایەکى تریشەوە، کاتێک هەموو پێکهاتەمان بە یەکەوە دەنگیان بە بەڵێ دا، ولاتانى دراوسێ و وڵاتانى زلهێز و هەتا عێراقیش بڕوایان نەدەکرد، ئەم ڕیفراندۆمە هێندە فراوان و گشتگیر بێت.
لە ڕاپرسییەکەى ٢٥ ئەیلوولدا، ژمارەى دەنگدەر ٤ ملیۆن و ٥٨١ هەزار و ٢٥٥ دەنگدەر بوو، لەو ڕێژەیەشدا ٣ ملیۆن و ٣٠٥ هەزار و ٩٢٥ دەنگدەر دەنگیان دا کە دەکاتە ڕێژەى لە سەدا ٧٢، دواتر کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و ڕاپرسى لە هەرێم ئەنجامى کۆتاییی دەنگى بەڵێ لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم و کوردستانیانى تاراوگەی ڕاگەیاند و دەنگى بەڵێ بریتى بوو لەسەدا ٩٢.٧٣
لە لایەکى تریشەوە، ڕیفراندۆم ئامرازێکى یاساییه بۆ ئامانج و مەبەستى جیاواز و جۆراوجۆر پەناى بۆ دەبردرێت، هەروەها ڕیفراندۆم بۆ بەدیهێنانى ئامانجێکى سیاسى، وەکو سەربەخۆیى، جیابوونەوە، یەکگرتن، چوونە ناو پەیماننامەیەک، یان دەرچوون لێی، چوونە بەرەیەکەوە، یان دەرچوون لێی، یان هەر ئامانجێکى سیاسیى تر بەکار دێت. ئەندام پەرلەمانێکى عێراق دەڵێ، ڕیفراندۆم لە ئەنجامى جێبەجێنەکردنى دەستوور بووە لە لایەن عێراقەوە نەک شکاندنى دەستوور لاى ئێمە.
رێناس جانۆ، ئەندام پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى ڕاگەیاند: "ئەوانەى ڕیفراندۆم بە هۆکار دەزانن زۆر بەعەکسەوە بیرى لێ دەکەنەوە، ئەو کێشانەى ئێستا ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە کورد بۆ بەرەو ڕیفراندۆم ڕۆیشت، ئێمە پێمان وایه بریارێکى ڕاست و دروستمان داوە ئێستاش ڕیفراندۆم بکرێتەوە ئێمە دەبێ دەنگى پێ بدەین، ئەو کێشانە باشترین گەواهیدەرى ئەوەن کە ڕیفراندۆم هەنگاوێکى ڕاست و دروست بووە، کورد بریارێکى ڕاستی دا کە ڕیفراندۆمى کرد، چونکە کێشەکان بەلاى منەوە ئەو ئەقڵییەتەیە کە ئێمه تەحەمولى دەکەین."
رێناس جانۆ پێشى وایە، ئەوان هەموو ڕێگایەک دەگرنە بەر بۆ بچووککردنەوەى کورد لە ناو عێراق، ڕیفراندۆم دەرئەنجامى ئەوە بووە کە ئەوان دەستووریان شکاندوە و لە ئەنجامى جێبەجێنەکردنى دەستوور بووە لە لایەن عێراقەوە، خەڵکێک باوەڕى ئەوەى نەدەکرد کە عێراق ئەو ئەقڵییەتەى هەیه، بەڵام بڕیارى کەمکردنەوەى بەشه بودجەى هەرێم ئەو ڕاستییەى دەرخست، کە ئەوان چ ئەقڵییەتێکیان هەیه.
بە گوێرەى دەستووریش مافى ڕەواى گەلى کوردستانە بڕیار بدات و بە گوێرەى بنەماکانى نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵى ١٩٥١دا مافى گەلانە بڕیار لە چارەنووسى خۆیان بدەن.
لە دەستوورى عێراقیشدا ڕێگە بە هەرێمى کوردستان دەدرێت کە ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، هەروەک لە دەستووردا بە ڕوونى دەڵێ : "ان الالتزام بهذا الدستور یحفظ للعراق اتحادە الحر". بەڵام زۆر ڕوونە کە حکوومەتى بەغدا ئیلتیزامى پێ ناکات.
د. موسەننا ئەمین، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى لە پەرلەمانى عێراق بۆ ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستان گوتى: "ڕیفراندۆم هەنگاوێک بوو هەرکەس بە ڕاستى بزانێ، یان بە هەڵەى بزانێ پێویستى بەو کاردانەوەیە نەبوو کە حکوومەتى عێراق کردى، ئەگەر حکوومەتى عێراق لە ئەساسدا بڕیارى ئەو کاردانەوەى نەبوایە، نەدەبوو بەو شێوەیە مامەڵەى لەگەڵ مەوزووعەکە کردبا، چونکە بەغدا دەیەوێ بە زۆرەملێ کێشەکان چارەسەر بکات."
بە باوەڕی د. موسەننا ئەمین، ڕیفراندۆم شکاندنى دەستوور نەبوو، ئەگەر لاى ئەوان شکاندنى دەستوور بێت ئەوا مەسەلەیەکى ئاوا دەگەیەندرێتە دادگاى ئیتحادى بەبێ هێرشکردنە سەرکەس، ئەوکات دادگاى ئیتحادى بڕیار دەدا کە دەستوورییه، یان نادەستوورییه، پێویستى بە دەبابە و تەیارە و کوشتن و هێرشکردن نەبوو، بەڵام ئەوەى کە حکوومەتى عێراق کردى و بە شەڕ هاتە سەر خەڵکى کوردستان، ئەوە بەڵگەیه لەسەر ئەوەى کە ئەوان بە دواى بیانوویەکدا دەگەڕان، کە لە ڕیفراندۆمدا دەستیان کەوت.
لە کۆتاییدا سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى عێراق گوتیشى: "ڕیفراندۆم بکرابایە و نەکرابایه، بە خۆشى با، یان ناخۆشى، ئەوان دەیانویست بگەڕێنەوە ئەو ناوچانەى لە کاتى شەڕى داعشدا چۆڵیان کردبوو، بۆیە کارێکى زۆر هەڵەیه ڕیفراندۆم بکرێتە تاوانى ئەو کێشانه".
لێكدانەوەكانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرچییەك بن، ھیچ شتێك لەوە جوانتر نەبوو ھاونیشتمانیان خۆیان بڕیاریان لە چارەنووسی خۆیان دا، چارەنووسێك كە داھاتوویەكی باشتر و دڵنیاتر بۆ خۆیان و نەوەكانی داھاتوویان دیاری بكەن. لەوەش گرنگتر، لە ٢٥ی ئەیلوول، گەل و پێكھاتەكانی كوردستان بە بژاردەی بەڵێ و نەخێر دەنگیان بۆ سەربەخۆییی كوردستان، یان مانەوە لە عێراق دا، چونکە نزیكەی ١٠٠ ساڵ دەبێت ھیچ مەینەتی و شێوازی دەسەڵاتداری نەماوە بە هاووڵاتیانى کوردیان تاقی نەكردبێتەوە.
kdp-
