سەرکردەیەکی نزیک لە کۆسرەت ڕەسوڵ: لە 1966ەوە بەدەست ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد دەناڵێنین
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، ئەوەی نەشاردەوە کە ئەوان یەکجار لە دۆخی حزبەکەیان نیگەرانن و ڕای گەیاند: ”ناتوانم قسە لە بەرامبەر کەسێک بکەم کە گوێ بە ھیچ بنەما و پرەنسیپێکی حزبی و کاری ریکخراوەیی نادات“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە حزب دەزگا و دامەزراوەی تایبەت بەخۆی هەیە و ”ئەنجومەنەکانی دیارن و دەبێ لەوێوە کۆبوونەوە و هەڵوێست نیشان بدرێت“. گوتیشی: ”ئەوەی کراوە تەنیا فەوزایەکە، دیارییشە کێ لە پشتی ئەوانەوەیە، شاناز ئیبراهیم و گرووپەکەیەتی“.
سەرکردەکەی یەکێتی کە لە کۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی حزبەکەوە نزیکە، ئەوەشی بە (باسنیوز) ڕاگەیاند: ”ئێمە دەبێ لەم دۆخەدا بە مەنتق کارەکانمان بکەین و لەگەڵ واقیعدا بگونجێت، نەک کۆمەڵێک کەس کۆبکەیتەوە و بچی فەوزا دروست بکەی“.
ئەوەشی نەشاردەوە: ”لە ساڵی 1966ەوە بەدەست ماڵی ئیبراھیم ئەحمەدەوە دەناڵێنین، ئەمە ھی ئەمڕۆ نییە“.
لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ دووشەممەدا کە شاناز ئیبراهیم تێیدا ئامادە بوو، کادیرانی سەر بە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی هەڕەشەی داخستنی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیان و دەرکردنی کۆسرەت ڕەسوڵ و مەلا بەختیاریان ”بە شەق“ دەکرد.
باسنیوز
