بۆ بڕیاردان لەسەر کۆنگرە باڵی دەستڕۆیشتوو کار لەسەر ڕاکێشانی فەرماندەکانی یەکێتی دەکات
سەرچاوەیەکی نزیک لە فەرماندە سەربازییەکانی یەکێتی رای گەیاند، لەدوای ئەوەی کۆسرەت رەسووڵ وەڵامێکی نەرێنیی ھێرۆ ئیبراھیمی داوەتەوە سەبارەت بە کۆنگرەی یەکێتی، ئێستا باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی کار لەسەر ڕاکێشانی فەرماندەکانی یەکێتی دەکات بۆ لای خۆی، چونکە پێی وایە ئەو کاریگەری و ھێزەی کە کۆسرەت رەسووڵ لە یەکێتیدا ھەیەتی، بەھۆی پشتیوانیی ئەو فەرماندانەوەیە لێی، کە زۆرینەیان لەگەڵ بڕیار و ڕاکانی (کۆسرەت رەسووڵ) دان.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا، ھێرۆ ئیبراھیم و ھەندێ لەو فەرماندانەی کە نزیکن لە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتییەوە. کە سەر بە لیواکانی سکرتاریەتن، ناڕاستەوخۆ بە فەرماندەکانی یەکێتییان راگەیاندووە، دارایی یەکێتی لەژێر کۆنتڕۆڵی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیدایە و لە ئەگەری ھەر جیابوونەوەیەکی ناوخۆی یەکێتی بەھۆی کۆنگرەوە، خۆدانە پاڵی ئەوان بە باڵەکەی دیکە، زیانی گەورەیان پێ دەگەیەنێ.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، تا ئێستا تەنیا ھێزی دژە تیرۆری یەکێتی و چەند فەرماندەیەکی لیوای سکرتاریەتی مام جەلال و ئەو فەرماندانەی تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر، لەژێر فەرمانی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیدان، تەواوی فەرماندەکانی یەکەی حەفتای یەکێتی و ھێزی پێشمەرگەی یەکێتی لە حزبدا، لەژێر فەرمانی کۆسرەت رەسووڵدان، لە ئەگەری جیابوونەوەی ئەو باڵانەی یەکێتی بەھۆی ناکۆکییەکانەوە، ئەوە تەواوی ھێزی یەکێتی و پێشمەرگەکانی لەگەڵ کۆسرەت رەسووڵدا دەبن.
ھەمان سەرچاوە ئاشکراشی کرد، بەھۆی ڕازی نەبوونی کۆسرەت رەسووڵ و زۆرینەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، کۆبوونەوەکەی دوێنێ دووشەمە، ٥ـ٣-٢٠١٨ی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی بۆ ماوەی ٤٨ سەعات دواخراوە، کە وا بڕیار بوو لەسەر داوای باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی رۆژی کۆنگرەی تێیدا دیاری بکرێت.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، کە ھەر دوێنێ، عادل موراد، سکرتیری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، سەردانی کۆسرەت رەسووڵی کردووە و لەو سەردانەدا لەلایەن کۆسرەت ڕەسووڵەوە داوای دواخستنی ئەو بڕیارەی لە ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لێ کراوە، بەڵام بەھۆی دواخستنی ئەو کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی ناوەند، عادل موراد، لەلایەن شاناز ئیبراھیم، خوشکی بچووکی ھێرۆ ئیبراھیم، سەرزەنشت کراوە و بەو ھۆیەشیانەوە پەیوەندییەکانی نێوانیان تێک چووە.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەھۆی بارودۆخی یەکێتییەوە ، کۆسرەت رەسووڵ و ١٨ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر فەرماندەکانی یەکێتی، ھەر دوێنێ تاوەکوو درەنگانی شەو بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی یەکێتی و ڕێگرتن لە ئەنجامدانی (کۆنگرەی بە بنەماڵەکردنی یەکێتی) لە ماڵی کۆسرەت رەسووڵ کۆ بوونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوەش کراوە، لە ئەگەری جیابوونەوەی یەکجاریدا، پەنا دەبەنە بەر دادگا و خاوەنداریەتیی یەکێتی لەو ڕێگەیەوە بەدەست دەھێنن، بۆ ئەوەشیان (بەرھەم ساڵح)یش رەزامەندیی خۆی نیشان داوە و زۆرینەی فەرماندەکانی یەکێتیش ئامادە بوون بەشداری لە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایەدا بکەن.
بەڵام، پێنجشەمەی رابردوو، بەپێی میدیای فەرمیی یەکێتی، ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و کەسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی، لەگەڵ بەشێک لە فەرماندە سەربازییەکانی لیوای یەکی سکرتاریەت کۆبووەتەوە و لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چۆنیەتیی ئەنجامدانی کۆنگرە و چاکسازی لەناو یەکێتی، لە رێگەی بەستنی کۆنگرەوە، ئەو کۆبوونەوەیەی لەگەڵ فەرماندەکانی یەکێتی کردووە.
دلێر ماوەتی، سەرۆکی فراکسیۆن و جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایەی کە لە پەرلەمانی کوردستاندا پەسەند کراوە، بودجەی پێشمەرگە یەک خراوە و لەلایەن حزبەکانەوە نادرێ، گوتی: ”ئەگەر پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت، ھەموو پێشمەرگەی حزبەکان مووچەکانیان لە حکوومەت وەردەگرن”.
ئاماژەی بەوەش دا، لیوای سکرتاریەتیش سەر بە یەکەی ٧٠یە و ھەموو مووچەکانیان لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەبێت، گوتیشی: “ھەر لە شەڕی داعشەوە خەسڵەتێکی باشی فەرماندەکانی یەکێتی ئەوە بووە، بەشدارییان لە ململانێ سیاسییەکان نەکردووە و لە ناوخۆشدا نەبوونەتە ھۆی دروستکردنی جیاکاری، ئەوان کاری خۆیان بە شێوەیەکی پێشمەرگانە ئەنجام داوە و نەیانویستووە ببن بە بەشێک لە ململانێی حزبی”.
جەختی لەوەش کردەوە، تا ئێستا دابەشکاری لەناو فەرماندەکانی یەکێتیدا رووی نەداوە و ئەوەش کاریگەریی باشی ھەبووە لەسەر یەکڕیز مانەوەی یەکێتی.
ھاوکات، کەریم شوکر، بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی بۆ (باس) رای گەیاند، تا ئێستا فەرماندەکانی یەکێتی یەکدەنگن و دابەشکاری لەنێوانیاندا رووی نەداوە، گوتی: ”ئەوەی درکی پێ دەکرێت، ململانێیەکە لە سەرەوەیە و لە خوارەوەی یەکێتی و لە فەرماندەکان و پێشمەرگەی یەکێتیدا یەکڕیزی ھەیە و دابەش نەبوونەتە سەر باڵەکانی یەکێتی”.
لای خۆشیانەوە مستەفا چاوڕەش، سەرکردە و بەرپرسی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی بۆ (باس) رای گەیاند، شانازی بەوە دەکەین کە ھێزی پێشمەرگەی یەکێتی دابەشی سەر ئاراستە جیاوازەکانی ناو یەکێتی نەبووە و بەپێچەوانەوە ھەمیشە ھەوڵی داوە یەکڕیزانە کار بۆ چارەسەرییان بکات، گوتیشی: “لەو ھەموو ناکۆکی و قڕەقڕ و رۆژگارانەش کە ھەر یەکەی لە ئاوازێکی دەخوێند، توانراوە بە ھیمەتی ھەموو لایەک یەکڕیزیی پێشمەرگە بپارێزین و دابەشکاریی تیادا روو نەدات”.
ھاوکات، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگە، بۆ (باس) رای گەیاند، فەرماندە و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان نابێت بە بەشێک لە ململانێی ئاراستە جیاوازەکان و پێشتریش نەبووەتە بەشێک لەو ململانێیانە، گوتی: “چ لە دەرەوە و چ لە ناوخۆی یەکێتیدا، ھێزی پێشمەرگە و فەرماندەکانی نەبوونە بە لایەنگری ھیچ ئاراستەیەک، ئەوەش دەستکەوتێکی گەورە بووە کە پێشمەرگە لە ململانێیەکان دوور بووە”.
(باس) پەیوەندیی بە چەندین سەرکردەی یەکێتییەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوون لەسەر دۆخی ناوخۆی حزبەکەیان قسە بکەن.
باسنیوز
