سەبارەت بە مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران روونكردنەوە دەدرێت

 سەبارەت بە مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران روونكردنەوە دەدرێت
دەنگۆی ئەوە لەنێو فەرمانبەران و دامودەزگاکانی حکوومەت بڵاو بووەتەوە کە بەھۆی دەرکردنی یاسای چاکسازیی خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە، زۆربەی زۆری دەرماڵەکانی فەرمانبەران لە لایەن وەزارەتی داراییەوە دەبڕدرێن.



ئاماژە بۆ ئەوەش دەکرێت، کە لە ماوەی داھاتوودا تەنیا مووچەی بنەڕەتی دەدرێتە فەرمانبەران و ھیچ جۆرە دەرماڵەیەک نامێنێت.



بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە، سەرچاوەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران راگەیاند، بە ھیچ شێوەیەک ھیچ دەرماڵەیەک کەم ناکرێتەوە و نابڕدرێت، گوتی: ”ئەو دەرماڵانەی بە ناقانوونی خەرج کراون ئەوانە دەبڕدرێن و خەرج ناکرێن، بۆ ئەوەش وەزارەتی دارایی خەریکی ئامادەکارییە“.



روونیشی کردەوە، دەرماڵەکان کەم و زیاد ناکرێن و دەستکاریی مووچەش ناکرێت: ”دوای ئەوەی سیستەمی پاشەکەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەران ھەڵدەگیرێت، ئیجرائاتی دەستکاریکردنی دەرماڵە ناقانوونییەکان دەکرێت“.



سەرچاوەکە ئاشکرای کرد لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ١٧ دەرماڵەی جۆراوجۆر ھەیە و مانگانە ١٤٤ ملیار دینار و ساڵانەش یەک ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار بۆ دەرماڵەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.



ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، بەھۆی نادادپەروەری لە دەرماڵە بەخشیندا خەڵکی شایستە بەھۆی خەڵکی ناشایستە سووتاون و مافیان خوراوە، گوتیشی: ”فەرمانگەی کارەبا لە بەردەستەوە تا دەگاتە فەرمانبەرێکی ئاساییی دەرماڵەی ترسناکی بۆ خەرج دەکرێت، لە کاتێکدا ئەو دەرماڵەیە تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە ژیانیان لە مەترسیدایە، بەھۆی چاککردنەوە کارەبا و کارکردن لە وێستگەکانی کارەبا“.



دەرماڵەی بڕوانامە و ھاوسەر و منداڵ، لە دەرماڵە جێگیرەکانن، ھەرچی دەرماڵەکانی تری جوگرافی و پیشەیی و ترسناکی و پایە و بەش ھەیە جێگیر نین و لە فەرمانگەیەک بۆ فەرمانگەیەکی تر جیاوازییان ھەیە.



عزەت سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند بەپێی ئەو یاسایەی لە پەرلەمان دەرچوونە، ھەموو دەرماڵە ناقانوونییەکان دەبڕدرێن، گوتیشی: ”لە ھەرێمی کوردستان ٤٦ جۆر دەرماڵە ھەیە، لەنێویاندا ١٩ دەرماڵە ھەیە ھیچ یاسایەکی لەپشت نییە و تەنیا بە بڕیار و رێنمایی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان دەدرێت، بۆیە ئەوانە دەبڕدرێن“.



ئەوەی فەرمانبەرانی نیگەران کردووە لەو یاسایەی لە پەرلەمان دەرچووە، باسی بڕینی جۆری دەرماڵەکانی نەکردووە و دیاری نەکراوە.



ئەو پەرلەمانتارە جەختی کردەوە، بە ھیچ جۆرێک ھیچ بڕیارێک لەئارادا نییە ھەموو دەرماڵەکانی فەرمانبەران ببڕدرێن، گوتیشی: ”ئەو دەرماڵانەیش کە دەبڕدرێن، دوای ھەڵگرتنی سیستەمی پاشەکەوت جێبەجێ دەکرێن“.













باسنيوز
Top