ئاراس جەنگی داوای پاراستنی هێزەكانی حەشد و سوپای عێراق دەكات لە كەركووك
ئەمڕۆ دووشەممە ئاراس جەنگی یەكێ لە سەرانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر رایگەیاند پلانێكی گڵاو لە شاری كەركووك هەیە و داوای چاوكراوەیی و پاراستنی هێزەكانی میلیشیای حەشد و سوپای عێراق لە كەركووك دەكات.
ئاراس جەنگی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، داوای كردووە خەڵك چاوكراوە بن و نووسیویەتی "پلانێک هەیە بۆ تێکدانی تەبایی نێوان پێکهاتەکانی عێراق و دەرکردنی هێزی شەرعی و یاسایی لە کەرکووک و دووز و پارچەکردنی عێراق"، مەبەستی لە هێزەكانی میلیشیای حەشد و سوپای عێراقە.
ئاراس جەنگی كە لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەرەوە چووەتە كەركووك و لەوێ ئەركی بانگەشەكردنە بۆ ئارامی شارەكە و نەبوونی هیچ كێشەیەكی ئەمنی لەم شارەدا، نووسیویەتی "دەبێت وریابین نەکەوینە داوی دوژمنان، ئەگەر نا کەرکووک وەکو جاران تەسلیمی چەند دەڵاڵێکی نەوت دەکرێت و دەزگا ئاسایشە حزبیەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئازاردانی خەڵکی، ئاسایش و ئەمانی ئێستەی تێدا نامێنێ".
هەروەها دووپاتی كردووەتەوە كە هەموو لایەک دڵنیا دەکەنەوە هێزەكانی لاهور جەنگی برای، كە ئەنجامدەری راستەوخۆی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر بوون، "هەموو ڕێگریەک لە جێبەجێکردنی ئەو پلانە گڵاوە دەكەن".
جێی باسە ئاراس جەنگی و ژمارەیەکی زۆر لە گرووپی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، ناوبەناو بیروڕاكانیان بە ئاشكرا دژی هەرێمی كوردستان دەردەبڕن، بەڵام كاتێ دەنگی ناڕەزاییان بەرانبەر بەرز دەبێتەوە، رایدەگەیەنن كە ئەم هەژمارانیە فەیسبووك هی ئەوان نین.
چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دووپاتی دەكەنەوە ئەو بیروڕایانەی ئاراس جەنگی و ئاڵا تاڵەبانی لە هەژمارە بەناو ساختەكانیاندا بڵاوی دەكەنەوە، بیروڕای راستەقینەی ئەوانن و لەگەڵ تەواوی هەڵوێست و خزمەتەكانیاندا دژی كوردستان یەك دەگرێتەوە.
هەروەها ئاماژە بەوە دەدەن كە سەرانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بۆ ئەوەی لەلایەك گوشاری ناڕەزایی خەڵكی كوردستان خامۆش بكەنەوە و لەلایەكی تریشەوە رووی خۆیان بەرانبەر سەرانی بەغدا و ئێران سپی بكەن لە دژایەتیكردنی كورد و هەرێمی كوردستان، چەندین هەژماری ساختەیان دروست كردووە و لەگەڵ هەژمارە راستەقینەكانی خۆیان تێكەڵ كردووە، بەڵام لە هەموویاندا لەسەر هەمان بەرنامە و ئاراستە كار دەكەن، كە دژایەتیكردنی كوردستانە، لە بەرژەوەندی حكوومەتی بەغدا.
bas news-
