دیندار دۆسكی: له عێراقدا تەوافوق و شەراكەت و هاوسەنگی پێشێل كراون
دیندار دۆسكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "فڕاكسیۆنە كوردییەكان ئەوەی لەسەریان بوو لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەوە كردیان، بەڵام پێویستە رێككەوتنێكی سیاسی بكرێت بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، چونكە چەندین كێشە هەن و لەپەرلەمانیش سوننە و شیعە یەكیان گرتووە و پڕۆژەیاسای بوودجەیان پەسەند كردووە، لە كاتێكدا كوردیش پێی رازی نەبووە و دەنگی پێ نەداوە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە فراكسیۆنە كوردییەكان یەكهەڵوێست بوونە، بۆیە لە ئێستادا تاكە رێگا ئەوەیە پەنا ببرێتە بەر دادگای فیدراڵی".
دۆسكی گوتیشی: "حكوومەتی عێراق لەسەر سێ بنەما دامەزراوە، كە ئەوانیش تەوافوق و شەراكەت و هاوسەنگین، بەڵام لە سەردەمی دەستهڵاتی نووری مالیكییەوە تاوەكوو ئێستایش بەردەوام ئەو بنەمایانە پێشێل كراون و كورد پێگەی لاواز بووە و رۆژ بەڕۆژ پۆستەكانیان كەم دەبێتەوە، هەروەها دەوڵەت بەرەو تایفەی شیعی دەچێت، چونكە شیعەكان هەموو جومگە سەرەكییەكانیان كۆنترۆڵ كردووە".
دەشڵێت: "هەرێمی كوردستان پەنای بردە بەر ریفراندۆم لەبەر ئەوەی دەستوور جێبەجێ نەكراوە و، حكوومەتیش لە لایەن شیعەكانەوە كۆنتڕۆڵ كراوە، بۆیە ویستمان ریفراندۆم بكەین و ئەو دۆخە قبووڵكراو نەبوو".
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد باسی لەوەیش كرد، هەرێمی كوردستان لە هەموو روویەكەوە پێشكەوتنی باشی بە خۆیەوە بینیوە و، حكوومەتی عێراقیش هەوڵی نەهێشتنی ئەو دەستكەوتانە دەدات، چونكە كاتێك خەڵكی عێراق سەردانی هەرێمی دەكرد، گلەییان لە حكوومەتی عێراق دەكرد كە بۆچی وەكوو هەولێر خزمەتی ئەوان ناكرێت".
بە گوتەی دۆسكی: "خاڵی سەرەكیی سەركەوتنی گەلی كورد، یەكڕیزیی لایەنەكانە، چونكە لە هەرێمی كوردستان لایەنەكان یەك نین، بۆیە ئەوانیش سوودیان لەو ناتەباییەی كورد وەرگرتووە، بەڵام ئەگەر ئێمە یەكهەڵوێست باین، نەدەگەییشتینە ئەو رۆژە".
kdp-
