ھێمن ھەورامی: عێراق مانای بۆ شەراکەت نەهێشتووەتەوە

ھێمن ھەورامی: عێراق مانای بۆ شەراکەت نەهێشتووەتەوە
عێراق مانای بۆ شەراكەتی نیشتمانی بۆ پێكھاتەكانی عێراق نەھێشتووەتەوە و نایانەوێت شەریك بین، بۆیە ئێمە داوای سەربەخۆیی دەكەین. ھەورامی لە دانیشتنێكی لەگەڵ شاندێكی بیانیدا ئەم قسانەی كرد.

ئەمرۆ ھێمن ھەورامی، بەرپرسی كاروباری سیاسی و پێوەندییە گشتییەكانی مەكتەبی سەرۆك پێشوازیی لە خاتوو تۆن ئالەرس، باڵیۆزی نوێی نەرویج لە ئوردن و عێراق کرد.

ھێمن ھەورامی، ھیوای سەرکەوتنی بۆ خاتوو ئالەرس لە پۆستە نوێیەکەیدا خواست و گوتی: "ئەو پەیوەندییەی كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانییەتیی دژی داعش لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بوومانە گرینگن و دەبێ زیاتر كار لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوانمان بکەین، لە گشت سێكتەرەكاندا."

قسەكانی ھەورامی لەبارەی دوا ڕەوشی عێراق و ناوچەکە وەھا بوون، كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی فەزایەكی دیموكراسی لەسەر بنەمای پێكھاتەكانی ناوچەكە بخوڵقێنێت. بۆ ئەوەی ناوچەكە لە بەرژەوەندیی تاكلایەنانە بپارێزرێت و دوور بكەوێتەوە لە توندوتیژی. ئەمەش دەبێ وەك ئەولەوییەتی كارەكانیان سەیر بكرێت."

سەبارەت بە ڕەوشی سیاسیی نێوخۆی عێراق، ھەورامی گوتی: "لەو پەیامەدا كە سەرۆك بارزانی بۆ ٥ی ئادار واڵای كرد. تێیدا بە ڕوونی باسی لەو ناكۆكییانە كردووە كە لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە و ھەڵسوكەوتەكەی پەرلەمانی عێراق ڕووسپییەتی كوردی وەدەرخست، كە بۆچی دەمانەوێت سەربەخۆ بین. ئەوان نایانەوێت شەریك بین."

هەورامی گوتیشی: "ئێمە عێراقی فیدڕاڵمان بنیاد نایەوە، بۆ ئەوەی عێراقێك دروست بكرێتەوە كە جێگای شانازی بێت بۆ عێراقییەكان نەك مافەكانیان زەوت بكرێن."

لە بەرانبەردا باڵیۆزی نەرویج سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە تیرۆر ڕاگەیاند و ئاماژەی بە ئەوە دا، کە نەرویج بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ڕۆڵی هەرێم لە ناوچەکەدا و خوازیاری فراوانترکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستانن. باڵیۆزی نەرویج پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ دانوستانی نیوان هەولێر و بەغدا دووپات کردەوە و ئاواتی خواست هەرچی زووتر ئەم دانوستانانە ئەنجامی ئەرێنیی لێ بکەوێتەوە.
bas news-
Top