دەزگای بارزانی، هاوكاریی 10240 قوتابیی زانكۆی سلێمانی كرد

 دەزگای بارزانی، هاوكاریی 10240 قوتابیی زانكۆی سلێمانی كرد
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوكاریی خۆراكی و تەندروستیی گەیاندە قوتابیانی ١٩٤٨ ژووری بەشەناوخۆییەكانی كوڕان و كچانی زانكۆی سلێمانی. هاوكات سیمیناریشی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە كۆمەڵەی ژین بەڕێوە برد و، پێداویستییەكانی وەكوو ویلچەر و عەكازە و پێداویستیی دیكەیان پێ بەخشرا.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی هاوكاریكردنی قوتابیانی بەشەناوخۆییەكان لە هەرێمی كوردستاندا، پێداویستیی خاوێنكەرەوە و خۆراكی گەیاندە قوتابییانی بەشەناوخۆییەكانی زانكۆی سلێمانی. لەم چالاكییەی تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ١٠٢٤٠ قوتابی ١٩٤٨ ژووری بەشەناوخۆییەكانی كوڕان و كچانی زانكۆكە سوودمەند بوون.

جێگای ئاماژەیە، رێكەوتی ٢٥/٢/٢٠١٨سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە پارێزگای هەولێر، پڕۆژەی هاوكاریكردنی ٤٦٩٧٦ قوتابیی بەشەناوخۆییەكانی كوردستانی راگەیاند، دوابەدوای ئەوەیش لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك هەڵمەتەكە دەستی پێ كرد، كە بە تێكڕا قوتابییانی ١٤ زانكۆ لە هەرێمی كوردستان سوودمەند دەبن.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی ساڵانە لە یادی نەمراندا (بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی جوانەمەرگ) هەڵمەتی بەرفروانی هاوكاریكردنی خەڵكی كەمدەرامەتی كوردستان بەڕێوە دەبات و ئەمساڵیش لە هەڵمەتێكی سەرتاسەریدا هاوكاریی ٤٦٩٧٦ قوتابیی بەشەناوخۆییەكانی سەرتاسەری كوردستان دەكات.

لە لایەكی دیكەیشەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و LDSـی ئەمەریكایی، سیمینارێكی تایبەتیان بۆ خاوەن پێداویستییانی تایبەت لە كۆمەڵەی ژینی كەمئەندامان بەڕێوە برد كە تێیدا لەسەر چۆنیەتی بەكار هێنانی كەلوپەلەكانی خاوەن پێداویستییانی تایبەت رێنمایی بە بەشداربووان درا. تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ویلچەیر و عەكازە و پێداویستییەكانی دیكەیان بۆ ١٦ خاوەنپێداویستیی تایبەت لە كۆتایی سیمینارەكەدا دابین كرد.

رۆژی پێشتریش، تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی هاوكاریكردنی خاوەن پێداویستییانی تایبەت، هەردوو گوندی بەهرێ و توركمەسی بەسەر كردەوە و پاش پێشكەشكردنی رێنمایی تەندروستی پێیان، ویلچەر و عەكازە و پێداویستییەكانی دیكەیان پێشكەش بە ٨ خاوەنپێداویستیی تایبەت كرد.

پڕۆژەی دابینكردنی ویلچەیر بۆ خاوەن پێداویستییانی تایبەت، لە رێكەوتی ١٨/٢/٢٠١٥ لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و LDSـی ئەمەریكاییەوە خرایە واری جێبەجێكردنەوە.











باسنيوز
Top