بەندکراوێکی کورد لە گرتنگەیەکی تاران کوژرا

 بەندکراوێکی کورد لە گرتنگەیەکی تاران کوژرا
ەکێک لە ئەندامانی ڕێبازی "دروێشانی گونابادی" کە کورد و خەڵک شاری ئەلیگوودەرزی سەر بە پارێزگای لوڕستانە و لە تاران دەسگیر کراوە، بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەوە گیانی لەدەست داوە.

ماڵپەڕی (مەجزووبانی نوور) کە زمانحاڵی سەرەکیی دەروێشانی گونابادییە لەمبارەوە بەڵاوی کردووەتەوە "محەمەد راجی" دوو هەفتە لەمەوبەر لەلایەن پۆلیسی تارانەوە دەستگیر کراوە، لە گرتنگەی ئەمنیی ئەو شارە بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەوە گیانی لەدەست داوە.

هەمان سەرچاوە، ئاماژەی بەوەش کردووە محەمەد راجی، پێشتر یەکێک لە کادیرانی سوپای پاسداران بووە، بەڵام بە فەرمی وازی لە سوپا هێناوە و لە دوایین خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی تاران، کە تێیدا دەروێسانی گونابادی گیران، لە شەققامی پاسدارانی تاران دەستگیر کراوە.

بە گوتەی بنەماڵەکەی لەلایەن لێپرسراوانی بنکەی ئەمنیی "شاهپوور"ی تارانەوە ئاگادار کراونەتەوە و سەردانیان کردووە و بۆیان دەرکەتووە، لە کاتی لێپرسینەوەدا بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەوە گیانی لەدەست داوە.

محەمەد ڕاجی، لەدایکبووی 1961ی شاری ئەلیگوودەرزی سەر بە پارێزگای لوڕستانە و ماوەی نزیکەی 14 ساڵە وازی لە سوپای پاسداران هێناوە و لە شوێنی لەدایکبوونی سەرقاڵی کاری وەرزێڕی بووە و خاوەنی پێنج منداڵە کە ئێستا یەکێک لە کوڕەکانی بەناوی "محەمەدعەلی راجی" دەستگیر کراوە لە گرتووخانەی فشافویە (گرتنگەی ناوەندیی تاوانی گەورە" لە باشووری ئەو شارە ڕاگیراوە.

دوای پشێوی و ئاڵۆزییەکانی ئێران کە کۆتاییەکانی ساڵی 2017 لە زیاتر لە 100 شاری ئێران دەستیان پێکرد، بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، زیاتر لە چوار هەزار کەس دەستگیر کران کە زیاتر لە 400 کەسیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و هەتا ئێستا شەش کەس لەو دەستگیر کراوە کوردانە لە گرتووخانەکانی سنە، ئیلام و تاران بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەست داوە.










باسنيوز
Top