کادیرەکانی یەکێتی هەڕەشەیەکی توند لە سەرکردایەتیی حزبەکەیان دەکەن

 کادیرەکانی یەکێتی هەڕەشەیەکی توند لە سەرکردایەتیی حزبەکەیان دەکەن
وابڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ (5/3/2018) ژمارەیەکی زۆر لە کادیر و ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە شاری سلێمانی کۆ ببنەوە و ڕۆژی بەستنی کۆنگرەی حزبەکەیان دیاری بکەن. کادیرێکی ئەو حزبەش هەڕەشەی ”هەڵوێستی توند“ دەکات.



سۆران ئەحمەد، کادیری بێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەی کادیرەکانی یەکێتی بە کارێکی باش دەزانین، چونکە ماوەی چەند مانگێکە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆ دەبێتەوە و نەتواندراوە ڕۆژی بەستنی کۆنگرە دیاری بکات، بەڵام ئێمە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی کادیرانی یەکێتیدا ڕۆژی بەستنی کۆنگرە حزبەکەمان دیاری دەکەین، دواتر ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئاگادار دەکەینەوە، بۆ ئەوەی لەو ڕۆژەدا کۆنگرەی چوارەم ببەستێت".



ئەو کادیرەی یەکێتی ئەوەشی ڕوون کردەوە، ئەوان نایانەوێت یەکێتی لە حاڵی ئێستایدا بمێنێتەوە، بەڵکوو ”ئێمە ھەوڵی نوێبوونەوە و بەستنی کۆنگرەی یەکێتی دەدەین، بێگومان بەستنی کۆنگرە ھۆکارێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی یەکێتی، بەڵام ئەگەر سەرکردایەتیی یەکێتی داواکارییەکانی ئێمە جێبەجێ نەکات، یان لەو ڕۆژەدا کۆنگرە نەبەستێت، کە ئێمەی دیاریی دەکەین، بێگومان ئەوکاتە ئێمە ھەڵوێستی توندمان دەبێت".



سۆران ئەحمەد، ئاماژەی بەوەش دا: "پێویستە چیتر یەکێتی کەمتەرخم نەبێت، بەرامبەر بە چارەسەرکردنی کێشەکانی، چونکە ئێستا کادیرەکانی یەکێتی خۆیان بە خەمخۆری ئەو حزبە دەزانن، بەڵام ئەگەر بزانین یەکێتی کێشەکانی خۆی چارەسەر نەکات، یان ھەوڵی خۆدزینەوە لە کۆنگرە بدات، ئەوکاتە ئێمە ڕەحم بە کەس ناکەین، ئۆباڵی کێشەکانی یەکێتی دەدەینە پاڵ ھەموو ئەو کەسانەی لەناو ئەو حزبەدا پێگەیان ھەیە".





باسنیوز
Top