گوڵاڵه .. سێ هاووڵاتی له‌كاتى ڕاوكردندا ڕفێندران
به‌رپرسی ناوچه‌ى سه‌عدییه‌ى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، ڕفاندنى سێ هاووڵاتى له‌كاتى ڕاوكردندا له گوندێكى ناوچه‌ى تبج كه ده‌كوێته نێوان سه‌عدییه و گوڵاڵه، ڕاگه‌یاند.
عامر ڕه‌فعه‌ت، به‌رپرسی ناوچه‌ى سه‌عدییه‌ى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، ڕاگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ 4 /3/ 2018، له گوندى (تل بردان) ى ناوچه‌ى تبج له سنوورى شاره‌دێی گوڵاڵه، 3 هاووڵاتى له‌كاتى ڕاوكردندا له ئاوى ده‌ریاچه‌ى حه‌مرین ڕفێندران".
هه‌روه‌ها، گوتیشی: "ڕفێندراوه‌كان خه‌ڵكى شارى به‌غدادن و تا ئێستا چاره‌نووسیان نادیاره".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ڕاوچییهكانى تێدا ڕفێندران، به‌به‌رده‌وامى جموجوڵى چه‌كدارانى ڕێكخراوى داعشی تێدایه و ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌لایه‌ن ئه‌و ڕێكخراوه‌وه ڕفێندرابن.
bas news-
