شاندێكی به‌ریتانیا هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ پاراستنی مافی تاك به‌رز ده‌نرخێنن

 	 شاندێكی به‌ریتانیا هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ پاراستنی مافی تاك به‌رز ده‌نرخێنن
سەرۆکوەزیرانی کوردستان پێشوازی له‌ شاندێکی بەریتانیا کرد ولە دیدارکەدا شاندەکە خۆشحاڵیی خۆیان به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و پشتگیرى و هاوكارییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌ بواری پاراستنی مافی تاك و هه‌موو پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی شه‌ڕیان تیادا دروست بووه‌ به‌رز نرخاند.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ٣/٣/٢٠١٨ (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ لۆرد ئه‌حمه‌د، وەزیرى دەوڵەتى بەریتانیا بۆ کاروبارى نەتەوە یەکگروتوەکان ـ نوێنەرى تایبەتی سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا بۆ ڕێگەگرتن لە توندوتیژیى سێکسى لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و شاندێكی یاوه‌ری، كرد.

له‌ دیدارێكدا لۆرد ئه‌حمه‌د خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و پشتگیرى و هاوكارییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌ بواری پاراستنی مافی تاك و هه‌موو پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی شه‌ڕیان تیادا دروست بووه‌ به‌رز نرخاند، ده‌ستخۆشی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و هه‌ر هاوكاری هه‌ماهه‌نگییه‌كی له‌مباره‌یه‌وه‌ بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هه‌ڵسه‌نگاندنی شاندی میوان و هاوكارییه‌كانی به‌ریتانیا له‌ بواری مرۆییدا بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگییه‌كی زۆر به‌ پاراستنی مافی هه‌موو تاك و پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات و ئه‌مه‌ ئه‌جێندای سه‌ره‌كیی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌ و له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا پێشهاته‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌ و توندوتیژی و چۆنیه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا، له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌ گرنگیدان به‌ په‌روه‌رده‌ بۆ دروستكردنی تاكێكی ته‌ندروست له‌ كۆمه‌ڵگادا و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ توندوتیژی، كرده‌وه‌.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ ناوچه‌كه‌ و شه‌ڕی دژی تیرۆر و ڕه‌وشی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.
kdp-
Top