حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری كردنەوەی رێگای نێوان هەولێر-كەركووكی دەرکرد

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری كردنەوەی رێگای نێوان هەولێر-كەركووكی دەرکرد
دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری كردنەوەی رێگای نێوان هەولێر-كەركووكی دەرکرد، بەڵام لایەنە عێراقییەكان بە بیانووی چاككردنەوەی پردێك، لە پردێ تاكوو ئێستا ڕێگە نادەن، هاووڵاتییان لەو رێگایەوە هاتوچۆ بكەن.



مەعەن سەعەد، كە لە دوای داگیركردنی كەركووك لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە كراوە بە بەرپرسی دۆسییەی ئەمنیی كەركووك، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاندووە: "ئێمە چاوەڕێی تەواوبوونی نۆژەنكردنەوەی پردەکەی شارەدێی پردێ، دەكەین و پاشان ڕێگاكە دەكەینەوە".



ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "لە كاتی كردنەوەی رێگاكە لە دیوی خۆمان ئاسایشی رێگاكە لە ئەستۆی ئێمەیە و لە دیوی پێشمەرگەش ئەوان ئەركی پاراستنی ئاسایشی رێگاكە لە ئەستۆ دەگرن".



دوێنی هەینی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری كردنەوەی رێگای نێوان هەولێر كەركووكی دا كە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017ەوە ئەو رێگایە داخراوە.



هەر دوێنێی هەینی، هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ دەستیان بە لادانی ئەو بەربەست و (ساترانە)ی نزیك پردێ كرد، بەڵام ژمارەیەك لە هاووڵاتییان بەمەبەستی چوون بۆ كەركووك لە نزیك پردێ لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە رێگەیان پێ نەدراوە سەردانی كەركووك بكەن، بۆیە جارێكی تر گەڕێنراونەتەوە بۆ هەولێر.





باسنیوز
Top