ئومێد خۆشناو: بەشێک لەوانەی لە یاسای چاکسازیی مووچە ناڕازین بندیوار و خانەنشینی نایاسایین
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە وتارێکدا بە ناونیشانی (یاسا ئایەتی قورئان نییە، قابیلی چاککردنە)، باسی لەو ناڕەزاییانە کردووە کە بەرامبەر بە یاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی دروست بووە و ناڕازییەکانی بۆ سێ گرووپ دابەش کردووە.
بە بڕوای ئومێد خۆشناو، گرووپی یەکەم، کەسانی خەمخۆر و دڵسۆز و پەرۆشن و سەرنجەکانیان بەهای خۆی هەیە و ”کارێک دەکەین مایەی ڕەزامەندییان بێت“. گرووپی دووەمیش ئەوانەن کە لە بەرژەوەندییان دراوە و زەرەرمەندن و ”چهند ساڵه پیسخۆرن و بهشێکیان بندیوار و بهشێکیان پارهخۆری بندیوار و بهشێکیان بهناشایستهیی لهبهر ههر هۆیهک بێت، بهبێ ماندووبوون مووچهی باشیان وهرگرتووە و بهعزێکیشیان بهقهد تاڵەمووهکانی سهری پاسهوانی ههیه و لهوماوهیه دووجار کوردستان کهوته بهر ههڕهشه، شهوێکی له سهنگهرێک نهکرده ڕۆژ“.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بەو گرووپە ناڕازییە دەڵێت: ”دڵنیا بن ههندهی هاوار بکهن و دارودهست و پێوهندهکانتان هاندهن جنێومان پێ بدهن، ههر گوێتان لێ ناگرین، قسهی خۆتان و جنێوی دارودهستهکانتان چ بههای نییه لامان و شانازی بهوه دهکهین کە به پیسخۆرهکان بڵێین ئیتر بهسه، ڕێگهتان لێگیرا و ناهێڵین لهسهر پشتی خهڵکی دڵسۆز، ئێوه لاف و گهزاف لێدهن، چیتر قەبوڵ ناکهین ناوی جاش و خۆفرۆش له لیستی پیرۆزی شههیدان و زیندانیانی سیاسی بێت“.
خۆشناو پێیوایە گرووپی سێیەم ”ئەو موزایەدەچییانەن کە فرچکیان بە قسەی باق و بریق و زمانی درێژ و دهست و لاقی کورت گرتووە“. دووپاتیشی کردوەتەوە: ”ئەوانە دڵنیا دهکهینهوه، وهک چۆن هیچ کاتێک چ بهها و ئهرزشێکمان بۆ هاشوهوش و موزایهده و قسه گهورهکانتان دانهناوه، ئێستاش ههر واین و ههرواش دهبین“.
هەر لەبارەی پرۆژە یاساکەوە، فرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نووسینێکیدا بە ناوی (دیوە شاراوەکانی پشت شکاندنی یاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی)، باسی لە دەستکەوتەکانی یاساکە کردووە و لەم چەند خاڵەدا کۆی کردوونەتەوە:
١-زامنکردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەو مووچەیەی لە ماوەی رابردوو بە ناوی پاشەکەوت لێیان بڕدراوە، بە شێوەیەک بخرێتە سەر حیسابی بانکیی فەرمانبەران و لە داهاتووش بە پەیڕەوێکی تایبەت، شێوازی مامەڵەپێکردنی ڕێکبخرێت و فەرمانبەران بتوانن بە کاری بهێنن.
٢- ئەوە جێگیر کراوە کە هیچ خانەنشینێک نابێت لە سێ سەد هەزار دینار کەمتر مووچەی خانەنشینی وەربگرێت و ئەو داهاتانەش کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاساکە دەگەڕێنەوە، تەرخان دەکرێت بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و باشکردنی دۆخی ژیانی خانەنشینانی کوردستان.
٣- هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی پلە باڵا و پلە تایبەتەکان کە رۆژێک لە رۆژان ئەم پۆستانەیان نەبینیوە و دەستەبەرکردنی مافی ئەو تێکۆشەرانەی لە بزووتنەوەی رزگاریخواری کوردستان بەشدار بوونە لە چوارچێوەی یاسای رێزلێنانی پێشمەرگە و خانەنشینی پێشمەرگە.
٤- راستکردنەوەی مووچەی خانەنشینی یان هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەدەر لە یاسا یان بە پلەی بەرزتر لە پلەی شایستەی خۆیان، خانەنشین کراون.
٥- یەکخستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە و یەکە کارگێڕییەکان کە مووچەی خانەنشینییان لێ خەرج دەکرێت بە سەربازی و مەدەنی لە ناو بەڕیوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەر بە وەزارەتی دارایی.
٦- یەکخستنەوەی یەکەکانی ژمێریاریی سەر بە یەکەی حەفتا و هەشتا لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە کە ئەمە هەنگاوێکی گرنگ و پیرۆزە، بەرەو یەکخستنی تەواوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
٧- دانانی میکانیزم و کاتی دیاریکراو بۆ پاککردنەوەی لیستی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر، لە رێگای پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند کە ئەمە خواستی خەڵکی کوردستانە.
٨- دەستنیشانکردنی ژمارەی پاسەوانیی بارەگا و دامەزراوە و پلە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پەیڕەوێک کە حکوومەت و پەرلەمان لە ماوەی شەست رۆژ پەسەندی دەکەن، بەمەش هەموو ئەو نادادی و بندیوار و بەهەدەردانەی لەم بوارە دەکرێت، لادەبرێت و هەموو یەکەکانی پاسەوانی یەکدەخرێنەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆ.
٩- رێکخستنەوەی دەرماڵەکان و زیاتر لە یەک جار سوودمەند بوون لە بودجەی گشتی، بە ئیستیسناکردنی کەس و کاری شەهیدان و خاوەن پێداویستیی تایبەت.
١٠- دانانی مەرج و رێسای یاسایی گونجاو بۆ دامەزراندنی بەرێوەبەری گشتی و راوێژکار و پلەباڵاکان کە دەستەبەری پسپۆری و دادپەروەری بکات. بۆ نموونە لە مەودوا هیچ کەسێک نابێتە راوێژکار ئەگەر بیست ساڵ کەمتر خزمەتی وەزیفی هەبێت و دەبێ پسپۆر بێت لە بوارەکەی.
١١- راگرتنی درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی وەزیفی بۆ فەرمانبەران و کارمەندانی هەرێمی کوردستان لە هەرسێ دەسەڵات و لە هەموو ئاستەکان.
١٢- پابەندکردنی هەریەک لە دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی نەزاهە و داواکاری گشتی لە جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاساکە.
١٣- دروستکردنی سندوقی خانەنشینی و قەدەغەکردنی خەرجکردنی هەر بڕە پاریەک لەم سندوقە.
باسنيوز
