دیپلۆماتكارێكی توركیا: ئەمریكا پلانێكی نهێنی هەیە بۆ نەخشەكێشانەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دیپلۆماتكارێكی پێشووی توركیا پلانێكی نهێنی ئەمریكا لەبارەی سەرلەنوێ نەخشەكێشانەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرا دەكات، كە بەهۆیەوە سووریا دەكاتە جوگرافیایەكی قەلەمڕەوی خۆی و نێوان كورد و توركیاش ئاڵۆزتر دەكات.
ئۆلۆچ ئۆزۆل باڵوێزی پێشووی توركیا لە فەرەنسا، دیدارێكی لەگەڵ ئاژانسی "سپۆتنیك"ی رووسیدا كردووە و تیایدا هۆشداری دەداتە دەسەڵاتدارانی توركیا كە ئاگەداری پلانە نهێنییەكەی ئەمریكا بن بۆ ناوچەكە.
ئۆزۆل ئاماژەی بە كۆبوونەوەیەكی داخراو كردووە، كە رۆژی 11ی كانوونی دووەمی رابردوو بە بەشداریی نوێنەرانی ئەمریكا، فەرەنسا، بەریتانیا و سعوودیە ئەنجام دراوە، بۆ ئەوەی ستراتیژی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژنەوە.
باڵوێزەكەی پێشووی توركیا لە زاری چەند رۆژنامەنووسێكی فەرەنسیەوە، ناوی كۆبوونەوەكەی ئاشكرای كردووە كە بریتیە لە "سيری ليكس" و زانیارییەكەش لە باڵوێزێكی بەریتانیا وەرگیراوە، كە ئەویش لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بووە.
بەگوتەی ئۆزۆل، پێشتر ئامادەكارانی كۆبوونەوەكە ئاماژەیان بە بەشداریپێكردنی هەریەك لە وڵاتانی میسر و ئەڵمانیا و توركیاش كردبوو بۆ كۆبوونەوەكە، بەڵام دواتر ڕێكەوتبوون لەسەر بەشداری پێنەكردنی میسر، ئەڵمانیاش وەڵامی داوەتەكەی نەدابووەوە، لەبارەی توركیاشەوە دوودڵ بوون لەوەی داوەتی بكەن یان نا، چونكە ترسیان هەبووە ململانێی توركیا لەگەڵ كورد، ببێتە هۆی ئەوەی كاریگەری خراپ لەسەر بڕیارەكانی كۆبوونەوەكە بەجێ بێڵێت.
هەروەها رایگەیاندووە كە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە راستیی ئارەزووی ئەمریكایان لە دۆزینەوەی بیانووێك بۆ درێژەدان بە هەبوونی هێزەكانی لە سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەكی گشتی نەشاردووەتەوە.
ئۆزۆل خاڵەكانی وتوێژی كۆبوونەوەی "سيری ليكس"ی ئاشكرا كردووە كە بریتی بوون لە بەرهەمهێنانی مووشەكی ئەتۆمی بچووك بۆ ئەوەی لە شەڕە هەرێمییەكاندا سوودی لێ وەربگیرێت. دووەم بابەتیش گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بووە لە دژی رووسیا و ئەو وڵاتانەی هەڕەشەن بۆ سەر هاوپەیمانی ناتۆ. ئەگەری زیادكردنی هێرشەكانی ئیسرائیلیش بۆ سەر ئێران بابەتی سێیەم بووە. پرسی كورد و ڕۆڵی لە پەرەسەندنی ناكۆكییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆنیش خاڵی كۆتایی وتوێژی كۆبوونەوەكە بووە.
دیپلۆماتكارەكەی پێشووی توركیا رەشبینی خۆی لەبارەی ئەنجامی وتوێژەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا دەربڕیوە، پێشبینیشی كردووە نێوان توركیا و كورد بەرەو خراپتر بچێت.
bas news-
