سەعدی پیرە: دیدارمان لەگەڵ مەرجەعە شیعەکان بۆ بەردەوامیی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا گرنگن
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/3/2018، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامی شاندەكەی نەجەف، لە پرێس كۆنفڕانسێكدا ڕای گەیاند: "ئەم سەردانەمان بۆ شاری نەجەف گرنگ بوو و گفتوگۆكانمان لەگەڵ كەسایەتییەكان لە نەجەف بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بووە و ئەو كەسانەی كە دیداریان لەگەڵدا ئەنجام داوە، ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە ئەوان ئامادەن هەموو شتێك بكەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا باش بكرێن".
لەم بارەیەوە هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و ئەندامی شاندەكەی نەجەف بۆ (كوردستان 24) ڕای گەیاند، چوونی ئەم شاندەی هەرێمی كوردستان بۆ نەجەف و ئەو چاوپێكەوتنانەی كە لەگەڵ نوخبەیەك لە كەسایەتییە ئەكادیمییەكان و هاوكات بەرپرسان و لەگەڵ پیاوانی ئایینی ئەنجام داوە و ئەمڕۆش سەردانی چەند مەرجەعێك كراوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا ڕێگا خۆشكەرە بۆ توانەوەی ئەو ساردی و سەهۆڵبەندەی كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقدا هەیە.
جەختیشی كردەوە، ئەم سەردانە هۆكارێكی باشە بۆ ئەوەی زەمینە بڕەخسێت بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا و كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن.
دوێنێ چوارشەممە نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان سەردانی شاری نەجەفیان كرد و لەو سەردانەدا دیداریان لەگەڵ چەندین بەرپرسی حكوومەتی عێراق و كەسایەتییە ئایینییە شیعەكانی عێراق ئەنجام داوە و لەو چوارچێوەدا سەردانی بەشیر نەجەفیان كردووە كە یەكێكە لە مەرجەعە دیارەكانی عێراق.
باسنيوز
