حكوومەتی عێراق، كەركووكی پێ ناپارێزرێت

حكوومەتی عێراق، كەركووكی پێ ناپارێزرێت
- گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك _ گەرمیانی پارتی گوتی، حكوومەتی عێراق و هێزە عێراقییەكان لە دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر، سەلماندیان كە ناتوانن سنووری كەركووك و خەڵكەكەی بپارێزن، چونكە سیاسەتێكی چەوت بەرانبەر خەڵك بەكار دێنن و، بە دوای دەستكەوت بۆ خۆیاندا دەگەڕێن.

پێش ڕوودوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر، هێزی پێشمەرگە كەركووك و دەوروبەری دەپاراست، كە ئەمنییەتی ناوچەكە لە ژێر كۆنترۆڵدا بوو و بە بێ جیاوازی هەموو پێكهاتەكانی دەپاراست، بەڵام دوای ئەم ڕووداوانە بەردەوام كردەوەی تیرۆریستی و كوشتن ورفاندن و دزیكردن لەو ناوچەیە دەكرێت و، دۆخی ئەمنیی ناوچەكە بە تەواوەتی تێك چووە، بە جۆرێك داعش سەری هەڵداوەتەوە و نیازی پەلاماردانی كەركووكیشی هەیە، بۆیە چاودێران پێیان وایە باشترین چارە بۆ ئەو دۆخە، گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەیە بۆ ناوچەكە".
عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك _ گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هۆكاری تێكچوونی دۆخی ئەمنیی شاری كەركووك، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكوومەتی عێراق سیاسەتەكەی وایە وەكوو هاووڵاتی پلەیەك سەیری خەڵكی ئەو ناوچانە ناكات، بۆیە لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی حكوومەتی عێراقدا ئەگەر داعشیش نەمێنێت، گرووپی دیكەی تیرۆریستی لە ناوچەكەدا دروست دەبن".

كەركووكی گوتیشی: "لە ئێستادا هێزە عێراقییەكان لە سنووری كەركووك لە ناوچە عەرەبنشینەكان، لەوانە گوندەكانی نەملە و سەعدوونییە، چوونەتە سەر ماڵان و خانووەكانیان ڕووخاندوونە بە تۆمەتی ئەوەی هاوكاریی داعشیان كردووە، كاتی خۆیشی لە هەمان ناوچە بە بڕیاری نووری مالیكی خەڵكێكی زۆریان كوشت، بۆیە حكوومەتی عێراق سیاسەتێكی چەوت بەرانبەر بەو خەڵكە بەكار دێنێت".
ئەو هەروەها ڕوونیشی كردەوە، حكوومەتی عێراق و هێزە عێراقییەكان، لە دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر، سەلماندیان كە ناتوانن ئەو ناوچانە بپارێزن، چونكە ئەوانە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان هاتوون و بە دوای دەستكەوتدا دەگەڕێن، نەك بۆ پاراستنی خەڵكەكە، جگە لەوەیش هێزێكی نیزامی نییە و هەمووی میلیشیان، كە هەر هێزێك سەر بە شوێنێكە، بۆیە دۆخی ئەمنی بەو شێوەیەیە.
kdp-
Top