هەزاران كەس سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەكەن
ئەمڕۆ ئەو خەڵكەی سەردانی مەزاری نەمرانیان كردووە، زۆربەیان خەڵكی هەولێر و كەركووك بوونە، لەوانە خەڵكی سنووری لقی 2 و 3 و پێكهاتەكانن، دوای گەییشتنیشیان، لەلایەن نوێنەری سەرۆك بارزانییەوە پێشوازییان لێ كرا و تاجەگوڵینەیان لەسەر مەزاری بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو دانا، لە رۆژانی داهاتوویشدا خەڵكێكی زۆرتر سەردانی مەزاری نەمران دەكەن، بە تایبەتی بەیانی كە ساڵرۆژی كۆچی دوایی بارزانی نەمرە.
لە یەكی ئاداری ساڵی 1979ـدا، بارزانی نەمر، سەركردەی مەزن و ڕابەری ڕۆحیی نەتەوەی كورد، لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا كۆچی دوای كرد، لە چواری ئاداردا تەرمی پیرۆزی گەییشتەوە تارانی پایتەختی ئێران و دواتر بە هەلیكۆپتەر، تەرمەكەی گەیاندرایەوە شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەوێ لەلایەن سەدان هەزار كەس لە پەنابەرانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی رۆژهەڵات و كوردەكانی باكوور و رۆژئاوا، پێشوازی لە تەرمی پیرۆزی بارزانی كرا، لەو رۆژەدا لە سنوورەكان پەڕیونەتەوە، تا لە ماڵئاواییكردنی بارزانی نەمردا بەشدار بن، لە رۆژی پێنجی ئاداردا تەرمی بارزانی نەمر لە گۆڕستانی شنۆ لەسەر وەسیەتی خۆی لە پاڵ گۆڕی شێخ بابۆ بە خاك سپێردرا، بەوەیش كوردستان و گەلانی ئازادیخوازی جیهان یەكێك لە مەزنترین سەركردە شۆڕشگێڕەكانی مێژووی خەباتی گەلانی جیهانی سێیان لە دەست چوو، پاش ئەوەی ئەو سەركردە مەزنە كە رابەرایەتی بزاڤی ڕزگاریخوازی هاوچەرخی كوردستانی بۆ ماوەی نیو سەدە، لە پێناوی دەستەبەركردنی ژیانێكی ئازاد و سەرفرازانە بۆ گەلی كوردستان كرد.
بارزانی نەمر، رەمزی یەكبوونی گەلی كوردستان بووە، تەنانەت پاش كۆچباربوونیشی بووەتە هێمایەك بۆ خەباتی نەتەوایەتیی كورد لە هەموو جیهاندا و بووەتە پاڵپشت بۆ خەباتی نیشتمانیی گەلی كوردستانیش، بارزانی نەمر، بە نەمری لەناو میللەتەكەیدا و بە مەزنی لەناو مێژووی جیهاندا مایەوە، لە پاش ڕاپەڕین و لە شەشی تشرینی یەكەمی 1992 تەرمی بارزانی نەمر و شەهید ئیدریسی هەمیشە زیندوو، لە گۆڕستانی شنۆ هێنرانەوە بۆ باشووری كوردستان و لە بارزانی زێدی خۆیان بە خاك سپێردران.
kdp-
