فازڵ میرانی: حکوومەتی عێراق لە چارەکردنی کێشەکاندا جددی نییە
ئەمڕۆ لە بارەگاى مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتى كوردستان، فازڵ میرانى سكرتێرى مەكتەبی سیاسی پێشوازى لە کونسووڵى بەریتانیا لە هەرێمى كوردستان و شاندێكى باڵیۆزخانەى بەریتانیا لە بەغدا كرد.
لە دیدارەكەدا كە هوشیار سویلى، بەرپرسى پەیوەندییەكانى دەرەوەى پارتى ئامادەى بوو. وێڕاى بەخێرهێنانى میوانەكان، فازل میرانى تیشكى خستە سەر بارودۆخى گشتیى ئێستاى هەرێمى كوردستان و عێراق و ناوچەكە و بەتایبەتى پەیوەندیى نێوان هەولێر و بەغدا و چۆنییەتیى گفتوگۆكان بۆ چارەسەرى كێشە و گرفتە سیاسی و ئابورییەكانى هەردوولا و هەوڵەكانى حكوومەتى هەرێمى كوردستان بۆ ئەم مەبەستە.
فازڵ میرانى جەختى لەوە كردەوە كە نابێ بژێوى خەڵك و فڕۆكەخانەكان تێكەڵ بە كێشە سیاسییەكان بكرێت كە ئەمە زۆڵمە دەرحەقى گەلى كورد لە هەرێمى كوردستان دەكرێت و ئێستا پێویستە بە جددى كار بۆ چارەكردنى كێشەكان بكرێت لەسەر بنەماى پابەندبوون بە دەستوورى عێراقەوە، كە پابەندنەبوونى بەغدا بە ئەم دەستوورەوە كێشەكانى گەیاندووەتە ئەم ئاستە و دەبینین حكوومەتى عێراق جددى نییە لە چارەسەركردنى كێشەكان و بە عەقڵییەتێك كار دەكات كە تاكڕەوییە لە بڕیاردان بۆ شكاندنى هاوسەنگى و ئەو تەوافوقەى كە عێراقى ئێستا لەسەرى دامەزراوە و بەغدا هەوڵ دەدات بە سەركوتكردن و گەمارۆدانى هەرێم دەستكەوتەكانى كورد كە لە دەستووردا ددانىان پێدا نراوە لەناو ببات.
کونسوڵى بەریتانیا وێڕاى سۆپاسگۆزارى بۆ مەكتەبى سیاسى تەئكیدى كرد كە بەریتانیا خۆازیارە كێشەكانى نێوان هەرێم و بەغدا بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن چارە بكرێن و جەختى كردەوە كە هەرێمى كوردستان گرنگیى خۆى هەیە لە ناوچەكە و گرنگە هێمنى و سەقامگیرییەکەی پارێزراو بێت.
kdp-
