ڕوونکردنەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەربارەی یاسای چاکسازیی خانەنشینی و مووچە

 	 ڕوونکردنەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەربارەی یاسای چاکسازیی خانەنشینی و مووچە
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە یاسای چاکسازیی خانەنشینی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە ئەم ڕوونکردنەوەی ڕاگەیاند:

لە ڕێکەوتی ٢٠١٨/١/٣، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکەی، ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرد و دوای ئەوەی لە لایەن پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا ئاراستەی شەش لیژنەی پەرلەمانی پەیوەندیدار کرا و لە ماوەی کارکردنی نزیکەی دوو مانگی لیژنەکان ڕاپۆرتی هاوبەش ئامادە کرا و خرایە بەردەم پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن و پەسەندکردن. لە ماوەی سێ ڕۆژی دانیشتنەکانی پەرلەمان و دوای گفتوگۆی چڕوپڕ لە ڕێکەوتی ٢٨/٢/٢٠١٨، کۆی یاساکە پەسەند کرا. ئێمە پێمان وایە پەسەندکردنی ئەم یاسایە دەسکەوتێکی گەورەی گەلەکەمانە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی و جێگای خۆیەتی دەستخۆشی لە ئەندامانی پەرلەمان لە سەرجەم فراکسیۆنە جیاوازەکان و حکوومەتی هەرێم و دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و هەموو لایەک بکەین، کە بەشدار و پاڵپشت بوون بۆ پەسەندکردن و دەرچوونی ئەم یاسایە. لە ڕوانگەی پەرۆشیشمان بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و دەسکەوتەکانی ئەم یاسایە و چەواشەنەکردنی ڕای گشتیی کوردستان لە لایەن هیچ کەس و لایەنێکەوە ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:

یەکەم: یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش کراوە و پرۆژەی هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمان نەبووە، بەڵام دوای ئەوەی هاتۆتە پەرلەمان سەرجەم فراکسیۆنەکان و لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان بە یەکەوە هەوڵی پەسەندکردنی ئەم یاسایەیان داوە و لە کاتێکیشدا کە کۆی یاساکە خرایە دەنگدان هیچ ئەندامێکی پەرلەمان و هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمانیش دژی پەسەندکردنی یاساکە دەنگی نەداوە و سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەگەڵ یاساکە بوون. دووەم: ناوەڕۆکی یاساکە کۆمەڵێک دەسکەوت و خاڵی ئێجگار گرنگی تێدایە کە ساڵانیکە گەلی کوردستان چاوەڕوانی دەکات بۆ چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی، لە خوارەوە وەک نموونە دەستبژێرێک لەم دەسکەوتانە دەخەینەڕوو:

١-‌ زامنکردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەو مووچەیەی لە ماوەی ڕابردوو بە ناوی پاشەکەوت لێیان بڕدراوە، بە شێوەیەک بخرێتە سەر حیسابی بانکیی فەرمانبەران و لە داهاتووش بە پەیڕەوێکی تایبەت شێوازی مامەڵەپێکردنی ڕێک بخرێت و فەرمانبەران بتوانن بەکاری بهێنن.

٢ - ئەوە جێگیر کراوە کە هیچ خانەنشینێک نابێت لە سێسەد هەزار دینار کەمتر مووچەی خانەنشینی وەربگریت و لەو داهاتانەش کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاساکە دەگەڕێنەوە، تەرخان دەکرێت بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و باشکردنی دۆخی ژیانی خانەنشینانی کوردستان.

٣ - هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی پلەباڵا و پلەتایبەتەکان، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم پۆستانەیان نەبینیوە و دەستەبەرکردنی مافی ئەو تێکۆشەرانەی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخواری کوردستان بەشدار بوونە لە چوارچێوەی یاسای ڕێزلێنانی پێشمەرگە و خانەنشینیی پێشمەرگە.

٤ - ڕاستکردنەوەی مووچەی خانەنشینی، یان هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەدەر لە یاسا، یان بە پلەی بەرزتر لە پلەی شایستەی خۆیان خانەنشین کراون.

٥ - یەکخستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە و یەکە کارگێڕییەکان کە مووچەی خانەنشینییان لێ خەرج دەکرێت بە سەربازی و مەدەنی لە ناو بەڕیوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەر بەوەزارەتی دارایی.

٦ - یەکخستنەوەی یەکەکانی ژمێریاریی سەر بە یەکەی حەفتا و هەشتا لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە، کە ئەمە هەنگاوێکی گرنگ و پیرۆزە بەرەو یەکخستنی تەواوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

٧- دانانی میکانیزم و کاتی دیاریکراو بۆ پاککردنەوەی لیستی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر، لە ڕێگای پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند کە ئەمە خواستی خەڵکی کوردستانە.

٨ - دەستنیشانکردنی ژمارەی پاسەوانی بارەگا و دامەزراوە و پلەباڵاکانی هەرێم لە چوارچێوەی پەیڕەوێک کە حکوومەت و پەرلەمان لە ماوەی شەست ڕۆژ پەسەندی دەکەن، بەمەش هەموو ئەو نادادی و بندیوار و بەهەدەردانەی لەم بوارە دەکرێت لا دەبرێت و هەموو یەکەکانی پاسەوانی یەک دەخرینەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆ.

٩- ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان و زیاتر لە یەکجار سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی بە ئیستسناکردنی کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستیی تایبەت.

١٠- دانانی مەرج و ڕێسای یاسایی گونجاو بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار و پلەباڵاکان کە دەستەبەری پسپۆڕی و دادپەروەری بکات.

١١- ڕاگرتنی درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی وەزیفی بۆ فەرمانبەران و کارمەندانی هەرێمی کوردستان لە هەرسێ دەسەڵات و لە هەموو ئاستەکان.

١٢- پابەندکردنی هەریەک لە دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی نەزاهە و داواکاری گشتی لە جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاساکە.

١٣- دروستکردنی سندووقی خانەنشینی و قەدەغەکردنی خەرجکردنی هەر بڕە پاره‌یەک لەم سندووقە.

سێیەم: سەبارەت بە خانەنشینیی پلەباڵاکان لە سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت و پەرلەمان و وەزیر و پەرلەمانتار و وەکیل وەزیر و ڕاوێژکار و بەڕیوەبەری گشتی و سەرجەم پلەتایبەتییەکان، میکانزمێک پەسەند کراوە بە بەراورد بە یاسا بەرکارەکانی پێشوو کە هەبوون بۆ خانەنشینکردنی ئەمانە ڕێژەیەکی زۆری خانەنشینییان کەم کراوەتەوە و هەوڵ دراوە ساڵانی خزمەت و بڕوانامە و تەمەن لەبەرچاو بگیرێت و لە ڕێژەی بیست و پێنج لەسەد لە مووچەکەیان دەست پێ دەکات بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە خوار پەنجا ساڵە نابێت لە شەست لەسەدی مووچەکەیان زیاتر بێت و ئەوانەشی لە پەنجا سال زیاترن نابێت لە حەفتا لەسەدی مووچەکەیان زیاتر بێت، لە کاتێکدا پێشتر هەموویان بە هەشتا لەسەد خانەنشین دەکران، هەروەها خانەنشین بوون ئارەزوومەندانەیە و هەریەک لەم پلەتایبەتانە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر وەزیفەی پێشووی خۆیان. ئەمەش جۆرێکە لە دەستەبەرکردنی دادپەروەری، بۆیە باسکردنی هەرشتێکی دی بەدەر لەمە بۆ موزایەدەی سیاسییە و مەبەست تێیدا شێواندنی ڕاستییەکانە.
kdp-
Top