شێخ خەلات بارزانی: پێشبینی دەکرێ سبەینێ ٢٥ هەزار کەس سەردانی مەزاری نەمران بکەن
ڕۆژی 1ی ئاداری 1979، بارزانی نەمر، سەركردەی مەزنی كورد و كوردستان، لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكا كۆچی دوایی كرد.
شێخ خەلات بارزانی، نوێنەری سەرۆك بارزانی لەسەر مەزاری نەمران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دیاری كرد: "ئەمڕۆ زیاتر لە 15 هەزار كەس لە خەڵكی هەولێر و ناوچەكانی دیكە سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان كرد، وەكو نوێنەری سەرۆك بارزانی لەگەڵ لیژنەی پێشوازی لە خزمەتی خەڵكی خۆمانداین، لە ڕووی ئەمنییەوە، ئەمنییەتێكی توندوتۆڵ هەیە، لە ڕووی تەندروستییەوە هەموو ئامادەكارییەك كراوە، بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو، لە ڕووی هاتوچۆ و ئاگركوژێنەوە، تیمەكانی پۆلیسی هاتوچۆ و بەرگری لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواودان، وەكو هەر ساڵ لە خزمەتی میواناندا دەبن و پێشوازی لە میوانان دەكەن."
نوێنەری سەرۆك بارزانی لەسەر مەزاری نەمران ڕوونیشی كردەوە: "بە پێی ئەو ئامارەی كە لەبەر دەستی ئێمەدایە پێشبینی دەكرێت بەیانی لە ڕۆژی كۆچی دواییی بارزانی نەمردا زیاتر لە 25 هەزار كەس لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان و پارچەكانی دیكەوە سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان بكەن، كە ئەوە چەندین ڕۆژە گەنج و لاوانی ئێمە لە دهۆك، هەولێر، سۆران و شوێنەكانی دیكەوە بە پێیان دێن بۆ سەر مەزاری نەمران، مەبەستی ئەوانیش وەفا و ڕێزێكە بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر، كە تاكە بزاوە دەستی بە شۆڕشی كورد و خەبات كردووە و تا ئێستاش لە خەبات بەردەوامە، كە ئەویش ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمرە، لەبن سێبەری پیرۆزی ڕێبازی پارتی و بارزانی خۆ بە كەڕامەت دەبینن، كە داكۆكی لە خاكی كوردستان و خوێنی شەهیدان دەكات، هەموو كاتێكیش گیان لەسەر دەستن بۆ ئەو ڕێبازە".
kdp-
