سەرکردەیەکی یەکێتی: ئەزموونی نامە لەنێو یەکێتیدا ئەزموونێکی فاشیلە
ڕێواس فایەق، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایگەیاند، حزبەکەی ھەوڵی بەستنی کۆنگرە دەدات، بەڵام ئەگەر نەتوانێت کۆنگرە ببەستێت، ”پلینیۆم یەکێکە لە بژارەکانمان“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە پێی وایە کۆنگرە و پلینیۆم ناتوانن ”کێشەکانی یەکێتی ڕیشەکێش بکات“.
ڕێواس فایەق بە دووری دەزانێ ھیچ کێشەیەک لەنێوان کۆسرەت ڕەسوڵ و ھێرۆ ئیبراهیم ھەبێت، بەڵام ”ڕەنگە لێک تێنەگەیشتنێک لەنێوانیاندا ھەبێت، بۆیە ئەزموونەکەی نامە ئەزمونێکی فاشیلە لەناو یەکێتیدا، چونکە خەڵکی دەبێت، حیوار بکات، نەوەکو نامە بۆ یەکتری بنێرێت“.
ئاماژەی بەوەش دا: ”کۆنگرە بۆ ھەموو حزبێکی سیاسی خۆ نوێ کردنەوەیە، لەو ڕێگەیەوە خەڵکی تازە و بیروبۆچونی تازە بەشداریی کایەی سیاسی دەکات، ئەوکاتە ڕوئیای تازە بۆ حزب دادەڕێژرێتەوە، چونکە پێشتر مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی قسەی خۆیان کردووە و یەکێتییان ئاڕاستە کردووە، بەڵام کۆنگرە دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت کە کادیرە ناوەندییەکانی یەکێتی قسەی خۆیان ھەبێت“.
ڕێواس فایەق ئەوەی نەشاردەوە کە ”کۆنگرە و پلینیۆن ناتوانن بەریەک کەوتنەکانی یەکێتی ڕیشەکێش بکەن، بەڵام دەتوانن یەکێتی نوێ بکاتەوە“. گوتیشی: ”باشترین ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی، سازشکردنە بۆ یەکتری و ڕووبەڕووبوونەی ڕاشکاوانەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی، بەڵام لەسەروو ھەموو شتێکەوە باشترین ڕێگا ئەوەیە ھەمومان بە خەمی یەکێتییەوە بچینە نەو کۆنگرە، خەمی بەرژەوەندی شەخسی و ئەجێندای جیاواز جیەوازمان نەبێت“.
کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، کەسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی، نامەیەکی توندی ئاراستەی کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی کرد و داوای کرد تا ڕۆژی 25/2/2018 کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی کۆنگرە ئەنجام بدرێت، بەڵام کۆسرەت ڕەسوڵ لە نامەیەکدا بە توندی وەڵامی دایەوە و بنەماڵەی تاڵەبانی و باڵەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی بە هۆکاری وەدەرنانی نەوشیروان مستەفا و بەرهەم ساڵح و زۆر سەرکردەی یەکێتی تۆمەتبار کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان ڕێککەوتنیان لەگەڵ ”ئەملا و ئەولا“ کردووە و ئیحراجییەکی یەکجار گەورەیان بۆ یەکێتی دروست کردووە.
باسنیوز
