وەزیرەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکوومەتی عێراق بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکرێ

 وەزیرەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکوومەتی عێراق بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکرێ
ئەندامێکی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، تۆمەتی گەندەڵی ئاراستەی وەزارەتی کۆچ و کۆچپێکراوانی عێراق دەکرێ کە وەزیرەکەی کەسێکە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان.



ماجد شه‌نگالی، ئەندامی لێژنەی کۆچ و کۆچپێکراوانی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، چه‌ند جارێك ڕاپۆرتى ئه‌وه‌ بۆ لیژنه‌كه‌یان نێردراوە كه‌ گه‌نده‌ڵی له‌نێو وه‌زاره‌تى كۆچ و کۆچپێکراواندا هه‌یه‌.



ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”پێشتر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵێک بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری کۆچ و کۆچپێکراوان هەبوو، بەهۆی ئەوەی کە لە دۆسیەی هاوکاریکردنی ئاوارەکانی مووسڵ لە گەندەڵییەوە گلاوە“.



شنگالی نەیشاردەوە کە ئەو هەواڵە پەکخراوە، بەڵام ”ئەو پەرلەمانتارەی دۆسیەکەی بەدەستەوەیە، بە تەواوی وازی لە هەوڵەکەی نەهێناوە و هێشتا کار لەسەر بانگهێشتکردنی وەزیرەکە بۆ پەرلەمان دەکات“.



پێشتر ره‌عد ده‌هله‌كى، سه‌رۆكى لێژنەی کۆچ و کۆچپێکراوانی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندبوو کە چەند دۆسیەیەکی گەندەڵیی وەزارەتی کۆچ و کۆچپێکراوانیان بەدەستەوەیە کە وه‌زیره‌كه‌ى سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە، لە بابەتی پرسی هاوكاریكردنى ئاواره‌كانى مووسڵ و ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ى كه ‌وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئه‌نجامی داوه‌.




باسنیوز
Top