بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی هەولێر: گەشتی عەمرەکارانیش ئاستەنگ بووە

 بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی هەولێر: گەشتی عەمرەکارانیش ئاستەنگ بووە
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، حكوومەتی عێراق كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی بە سیاسی كردووە.

تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە پرێس كۆنفڕانسێكدا ڕای گەیاند: "حكوومەتی عێراق بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی لە هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی درکرد و ڕاگرتنەكە بۆ ماوەی سێ مانگی‌تر درێژ کراوەتەوە".

روونیشی كردەوە: "پێشتر حكوومەتی عێراق ئاشكرای كردبوو كە لە 28/2/2018 فڕۆكەخانەكانی هەلێر و سلێمانی دەكرێنەوە، بەڵام ئەوان خێرا بڕیارێكی دیكەیان بۆ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان دەركرد كە لە 28/2/2018ەوە نوێ دەكرێتەوە تاكوو 31/5/2018، ئەمە لە كاتێكدا گفتوگۆكان لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان دەستی پێ كردبوو".

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەوەشی خستە ڕوو: "حكوومەتی عێراق كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بە سیاسی كردووە و هەر لەسەر كردنەوەی فڕۆكەخانەكان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە یاسا و ئەو خاڵانەی كە بەغدا دایناوە، كەچی حكوومەتی عێراق هێشتا ئامادە نییە فڕۆكەخانەكان بكاتەوە".

ئاشكراشی كرد، ئەو بڕیارەی حكوومەتی عێراق گەشتی عەمرەكارانیشی ئاستەنگ كردووە.

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری كوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017، حكوومەتی عێراق ژمارەیەك بڕیاری لەدژی هەرێمی كوردستان دەركرد و یەكێك لە بڕیارەكان ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانییە.














باسنيوز
Top