بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕاگیراوە
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، پێویستە هەموو مانگێك جڤاتی نیشتمانی كۆ ببێتەوە، بەڵام تا ئێستا كۆ نەبووەتەوە، بۆیە ئەگەر تاكوو دوو ڕۆژی دیكە جڤاتی نیشتمانی كۆ نەبێتەوە، بزووتنەوەی گۆڕان ڕووبەڕووی نیشانەی پرسیار دەبێتەوە و پێویستە خانەی ڕاپەراندن هۆكارەكانی ئاشكرا بكات"
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گوتیشی: "بزووتنەوەی گۆڕان هاوشێوەی حزبەكانی دیكە كێشەی ناوخۆیی هەیە، بەڵام كێشەكانی گۆڕان خۆی لە بۆچوونی جیاوازدا دەبینێتەوە، ڕەنگە ئەمەش وای كردبێت كە جڤاتی نیشتمانی نەتوانێت كۆ ببێتەوە".
ئاماژەی بەوەش دا: "بەهۆی خۆكاندیدكردنی سروە عەبدولواحید، لەسەر لیستەكەی حەیدەر عەبادی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، بۆچوونی جیاواز لەناو جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان درووست بووە، ڕەنگە بەهۆی چارەسەركردنی ئەو كێشەیەوە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بۆ ماوەیەكی نادیار دوا خرابێت".
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوەشی خستە ڕوو: "هەموو حزبەكان بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەستیان كردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام گۆڕان لەم كاتەدا كەناڵی (كەی ئێن ئێن)ی داخستووە، لە كاتێكدا ئەو كەناڵە ڕۆڵی كارای بینیوە و ناكرێنت، حزبەكان بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن و گۆڕانیش بێدەنگ دانیشێت، دواجار داخستنی كەناڵی (كەی ئێن ئێن) مقۆمقۆی لای بەرپرسانی گۆڕان درووست كردووە".
باسنیوز
