لیژنە وردبینییەکەی بەغدا لێكۆڵینەوە لە مووچەی ئەم فەرمانبەرانە دەكات
بەپێی زانیارییەكانی (باس)، نزیكەی 6 هەزار فەرمانبەر لەسەر میلاكی فەرمانگەی رێكخراوەكان بوون، بە بڕیاری رێباز حەملان، وەزیری دارایی لە ساڵی 2015 دابەشی سەر وەزارەتەكان كراون.
ئەو كەسانە پێشووتر كاری حزبییان كردووە، بەڵام دواتر خرانە سەر میلاكی حكوومەت.
بەپێی زانیارییەكانی (باس) بەهۆی ئەوەی ناوونیشانی وەزیفیی قەبە بە زۆر لەو كەسانە دراوە، بۆیە لیژنەكەی بەغدا لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەسەر ئەو كەسانە دەكەن.
لە هەندێك لە فەرمانگەكان راستەوخۆ دوای دەستبەكاربوونی لیژنەكان داوای دۆسێ و سەرەتاكانی ئەو فەرمانبەرانەیان كردووە و پرسیاریان لەبارەوە كردوون، كە ئەوانە سەر بە چ حزبێك بوونە. نزیكەی 4 هەزار كەس لە بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری رێكخراوەكان لە سلێمانی مووچەیان وەردەگرت، كە زۆربەیان كادیری یەكێتی و گۆڕانن، لە هەولێریش نزیكی دوو هەزار كادیر، لە دەزگا راگەیاندنەكان و رێكخراوەكانی سەر بە حزب دەوامیان دەكرد، بە پلەی حكوومی مووچەیان لەو بەڕێوەبەرایەتییانە وەردەگرت.
سیروان رەسووڵ، ژمێریاری یەكێك لە فەرمانگەكان بە (باس)ی راگەیاند، لێژنەكەی بەغدا كە سەردانیان كردوون، زۆر پرسیاریان لەسەر فەرمانبەرانی رێكخراوەكان هەبووە، گوتیشی: ”یەكێك لەو خاڵانەی كە لەسەری دەوەستن، پلەو مەرتەبە بووە، لەگەڵ بڕوانامەكەی، یەكێك بڕوانامەی سەرەتایی هەیه نابێت لە پله پێنج زیاتر بەسەر بكەوێت، بەڵام بەشێك لە فەرمانبەران تاكوو پله 2 یاخود یەک رۆیشتوون، بەتایبەتی ئەو فەرمانبەرانەی كە پێشتر لە رێكخراوەكان بوون.
جەختیشی كردەوە: «بەشێكی فەرمانبەرانی رێكخراوەكان سەرەڕای نەبوونی بڕوانامە یاخود نزمیی ئاستی بڕوانامەکانیان، بەڵام ناونیشانی بەڕێوەبەر یاخود یاریدەدەری بەڕێوەبەر خراونەتە سەر فەرمانگەكان، بۆیه حاڵەتەكە زیاتر لەو جۆرە فەرمانبەرانە زیاترە كە پێشووتر لە رێكخراوەكان بوون“.
بەپێی نووسراوێك، وەزارەتی دارایی لە (31/3/2015)دا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوبەرایەتیی كاروباری رێكخراوەكان و گواستنەوەی ئەو مووچەخۆرانەی بۆ سەر دامودەزگاكانی حكوومەت دا.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی، كە ئاگای لە كاروباری لیژنەكانی وردبینییە بە (باس)ی راگەیاند، لیژنەی وردبینیی مووچەی بەغدا زۆر جەخت لە ساڵانی خزمەت و بڕوانامە دەكەنەوە، گوتیشی: ”ئەو فەرمانبەرانەی خزمەت و ناونیشانیان لەیەكتر دوورە، بە تایبەت هەندێك لە فەرمانبەرانی پێشووی فەرمانگەی رێكخراوەكان، لە لایەن لیژنەكانی وردبینی زۆر جەخت لە دۆسێی ئەو فەرمانبەرانە دەكرێتەوە“.
روونیشی كردەوە، هەندێك كەس پلەیان شارەزا و راوێژكارە، بەڵام بڕوانامەكانیان سەرەتاییە، ئەوەش لەگەڵ رێنماییەكان یەك ناگرێتەوە.
باسنیوز
