سەرکردەیەکی یەکێتی: باوەڕ ناکەم کۆنگرە بتوانێ کێشەکانی یەکێتی چارەسەر بکات

 سەرکردەیەکی یەکێتی: باوەڕ ناکەم کۆنگرە بتوانێ کێشەکانی یەکێتی چارەسەر بکات
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دووری زانی، کۆنگرەی حزبەکەی بتوانێت کێشەکانی یەکێتی چارەسەر بکات. بە پێویستیشی زانی ناکۆکییە کەسییەکانی نێو حزبەکەی بنبڕ بکرێن.



جوان ئیحسان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ، ڕاگەیاند: ھەرچەند کاتی بەستنی کۆنگرە دیاری نەکراوە و بڕیاری دواخستنیشی نەدراوە، بەڵام بەپێی پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆی یەکێتی، پێویستە کۆسرەت ڕەسوڵ ئاگادارمان بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆ ببێتەوە و بە شێوەیەکی فەرمی بڕیاری بەستنی کۆنگرە بدات، بەڵام تا ئێستا ئێمە ئاگادار نەکراوینەتەوە".



جوان ئیحسان ئەوەشی نەشاردەوە کە ”کۆنگرە شتێکی سیحری نییە وا سەیری بکرێت، کە ھێندە قورس و زەحمەتە“. دەشڵێت: ”نابێ وا سەیری کۆنگرە بکەین کە دەتوانێ ھەموو کێشەکانی یەکێتی چارەسەر بکات، چونکە زۆر جار کێشەکان پەیوەندییان بە پەیڕەو و پڕۆگرام و ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتییەوە هەیە و ھەندێک خیلافاتی شەخسی ھەن کە دەبێ بنبڕ بکرێن، چونکە لە ھەندێک حاڵەتدا سنوور دەبەزێنێت بۆ کاری ئۆرگانی، بۆیە باوەڕ ناکەم کۆنگرە بتوانێت کێشەکانی یەکێتی چارەسەر بکات".



جوان ئیحسان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان هێشتا نازانن کۆنگرە دوا دەخرێت، یان دوا ناخرێت، بەڵام ”کۆنگرە دەقێکی قورئان نییە تا بڵێی هەر دەبێ بکرێت، یان نەکرێت، بەڵکوو کۆنگرە بۆ ھەموو حزبێکی سیاسی گرنگە، بەتایبەتی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ھەموومان تەمەنای ئەوە دەکەین، یەکێتی کۆنگرەیەک ببەستێت و بتوانێت ھەموو کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات".






باسنيوز
Top