بەو کاتەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەریدەبەیت، چی دەکرێت؟
بەگوێرەی توێژینەوەیەک تێکڕای ئەو کاتەی کە هاووڵاتییانی پێگەیشتووی ئەوروپایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەسەریدەبەن رۆژانە دوو کاژێرە. لە وەڵامی ئەم توێژینەوەیەدا راپۆرتێک ئاماژە بەوەدەکات، کە دەتوانرێت لەو کاتەدا چی بکرێت. وەڵامەکەش لە پێنج خاڵدا خراوەتەڕوو.
یەکەم: دەکرێت بخەویت
زۆر کەس ئەوە دەزانێ کە رۆژانە 8 کاژێر خەو بۆ مرۆڤ پێویستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەسانێکی کەم هەن کە ئەوەندە کاژیرە بخەون. بەشێک لە بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش شەوان بەر لە نووستن مۆبایلەکانیان چێک دەکەن و ئەوەش لە کاتی خەوەکەیان دەبات. دەکرێت بەشێک لەو کاتەی بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دادنرێت، بۆ خەوتن تەرخانبکرێت.
دووەم: دەکرێت وەرزش بکەیت
باشتر وایە لە بری ئەوەی وێنە و ڤیدیۆی کەسانی دیکە لە کاتی وەرزشکردندا لایک بکەیت، وەرزش بکەیت. چونکە رۆژانەی لانیکەم نیو کاژێر وەرزش بۆ مرۆڤ پێویستە. ئەوە لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی کەم پابەندی ئەو رێنماییە تەندروستییەن.
سێیەم: دەکرێت کتێب بخوێنیتەوە
بە تێكڕا لە ماوەی یەک خولەکدا دەکرێت 300 وشە بخوێنرێتەوە. ئەگەر بەشێک یان تەواوی ئەو کاتەی کە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەرخانکراوە بۆ خوێندنەوە بێت، دەکرێت بە چەند رۆژێکی کەم کتێبێک تەواو بکرێت.
چوارەم: خواردن ئامادەبکە
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕن لە وێنەی ئەو خواردنانەی کە وێنەگرەکە ئامادەی نەکردوون، جا باشتروایە کاتی خۆی تەرخانبکەیت بۆ خواردن ئامادەکردن و لە خواردنە ئامادەکراوە و لەقوتونراوەکان دووربکەویتەوە.
پێنجەم: کارە نیوەچڵەکانت تەواوبکە
ئەگەر لە رۆژێکدا دوو کاژێر کاتمان هەبێت، ئەوا دەتوانین ئەو کارانە بکەین کە هیچکات کاتمان نەبووە ئەنجامیانبدەین، یان ئەو کارانەی کە نیوەچڵن تەواویانبکەین. دەکرێت بەم دوو کاژێرە بەشداریی لە خولی جیاوازی وەک فێربوونی زمان، میوزیک، شاخەوانی یان چالاکیی دیکەدا بکەیت.
rudaw -
