وەزارەتی کشتوکاڵ رێگری لە هاوردەکردنی مریشکی بەستوو دەکات
هەر مریشکێکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی ناوخۆ، تێچووەکەی دوو هەزار و 250 دینارە، بەڵام ئێستا بە نرخی هەزار و 250 دینار دەیفرۆشنەوە، ئێستا خاوەن کێڵگەکان زیانی لە 50%ـیان لێکەوتووە.
کێشەی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو، وەزیرە تازە دەستبەکاربووەکەی وەزارەت لەگەڵ خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کۆکردەووە، کۆبوونەوەیەکی جیاوازتر لە جاران، رێباز حەملان بەڵێنی دا چارەسەرێکی گونجاو و هەمیشەیی بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ بدۆزێتەوە.
رێباز حەملان، وەزیری کشتوکاڵ بە وەکالەت بە رووداوی راگەیاند "ئەو گرفتانەی لە وەزارەتی کشتوکاڵ چارەسەر دەکرێت، بە زووترین کات رێگەچارەی بۆ دەدۆزینەوە، ئەو کێشانەی لە سەرووی دەسەڵاتی وەزارەتیشە، رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەین". دەشڵێت "لیژنەیەکی هاوبەشمان لەنێوان حکومەت و نوێنەری کێڵگە پەلەوەرییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێکهێناوە ".
هەرێمی کوردستان خاوەنی هەزار و 300 کێڵگەی پەلەوەرە، توانای ئەم کێڵگانە ساڵانە 140 هەزار تۆنە، ئەمە لەکاتێکدایە ساڵی 2016، نزیکەی 100 هەزار تۆن و ساڵی 2017، نزیکەی 130 هەزار تۆن مریشکیان بەرهەم هێناوە، جگە لەم رێژەیەش ساڵانە نزیکەی 30 هەزار تۆن مریشکی بەستوو هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
rudaw -
