مانگرتنی کاسبکارانی بانە و پیرانشار بەردەوامە؛ دوکان و بازاڕەکانیان داخستووە
لە هەمان کاتدا مەنسوور مورادی، نوێنەری شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا لە پەرلەمانی ئیران، بە ئاماژە بەوەی کە تەنیا لە ناوچەکانی مەریوان و سەوڵاوا بەهۆی داخرانی سنوورە کۆڵبەرییەکان هەشت هەزار کۆڵبەر بێکار بوونە، دەڵێت، داخرانی سنوورە کۆڵبەرییەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بڕیاری لەسەر دراوە و لەلایەن وەزیری ناوخۆ و بەرپرسانی دیکەی ناوچە سنوورییەکانەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکرێت.
جگە لە داخستنی سنوورە کۆڵبەرییەکان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، پڕۆژەی حکومەتی ئێرانیش بۆ رێکخستنی رێگا کۆڵبەرییەکان لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ، هەڕەشەیەکی دیکەیە کە کۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە داهاتووی داهات و کاریان نیگەران کردووە.
پڕۆژەیەک بۆ سنووردارکردن و کۆنترۆڵکردنی کاری کۆڵبەری، کە تەنیا رێگا بەو کەسانە دەدات کە بە کارتی کۆڵبەری و بە فەرمی ئاڵوگۆڕی کاڵا بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدا کە 70 هەزار کۆڵبەر لە ئاستی ئێراندا چالاکن، 20 هەزاریان تەنیا لە پارێزگەی سنەن و بژێوی و ژیانی 300 هەزار کەس گرێدراوی کاری کۆڵبەرییە.
حەسەن بابایی، جێگری نوێنەری دەزگای داد بۆ کاروباری بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵا و دراو لە پارێزگەی سنە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵا و دراودا لەسەر قاچاخی رێکخراو و سیستەماتیک جەخت کراوەتەوە و لە هیچکام لە رێوشوێن و یاساکاندا باسی بەرەنگاربوونەوەی کۆڵبەر نەکراوە و دەشڵێت، لە پرسی رێکخستنی رێگا کۆڵبەرییەکاندا دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگیرێت، لە نێوان مافی ژیان و بژێویی سەرەکیی خەڵک و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخدا کامیان لە ئەولەوییەتدان.
وەک بەڵگەیەک لەسەر گوتەکانیشی، پشت بە گوتەیەکی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران دەبەستێت کە لە لێدوانێکدا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ گوتبووی: "مەبەستی من لە قاچاخ فڵان کۆڵبەری هەژار نییە، کە دەڕوات بارێک بە کۆڵ دەگوازێتەوە و ئەگەر رووبەڕوویشی نەبنەوە هیچ کێشە نییە".
سەبارەت بە داخرانی بازاڕ و پاساژەکانی بانە بۆ ناڕەزایی دەربڕین بە داخرانی سنوورەکان جێگری نوێنەری دەزگای داد لە سنە گوتی: "بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ، ئەو مۆڵ و فرۆشگایانەش کە کاڵای قاچاخی دەفرۆشن دەبێ سزا بدرێن".
حەسەن بابایی گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت لە چوارچێوەی یاسادا رێگا کۆڵبەرییەکان رێک بخەین و ژمارەیەک کەس لەو رێگایەوە بژێویان دابین بکەن، بەڵام کۆمەڵێک کەس کۆبوونەوەی ناڕەزایانە رێک دەخەن و دەبێ وشیار بین و رێگر بین لە خراپ بەکارهێنانی ئەم پرسە".
rudaw -
