لە کەرکووک لەماوەی مانگێکدا "کێبڵی 49 محاویلەی کارەبا دزراون"
یالچین مەهدی رەشید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کەرکووک راگەیاند "لەماوەی مانگێکدا کێبڵی 49 محاویلەی کارەبا لەناوچەکانی باشووری کەرکووک دزراون، بەتایبەت گەڕەکەکانی عەسکەری، قادسییە، ئەسرا، نیدا و نەسر".
هاوکات ئازاد جەباری، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک لە لێدوانێکدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) بێ ئاگایی خۆی لەو هەواڵە دەربڕی و ئاماژەی بەوەکرد "هیچ زانیارییەکی لەسەر نییە".
بەگوتەی یالچین مەهدی رەشید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کەرکووک، سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگاکە ئاگادارکراونەتەوە. دەشڵێت، لەسەر ئەو بابەتە قسەیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەشکردنی کارەبای باکوور کراوە، لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و راسپاردەش پێشکەش بە وەزارەتی کارەبا لە بەغدا کراوە.
یالچین مەهدی رەشید راشیگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای کەرکووک و بە ئامادەبوونی بەشی هەواڵگری وزەی پارێزگاری کەرکووک کێبڵی کارەبای بۆ سێ محاویلەی کارەبا لە گەڕەکی عەسکەری راکێشا، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا کێبڵی ئەو محاویلانە دزرابوون.
rudaw -
