هه‌ردوو كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم و عێراق ڕێك که‌وتن
شیروان زرار، گوته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ له شاری به‌غدا هه‌ردوو كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كۆ بووینه‌ته‌وه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به وردی باس له په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ردوو كۆمسیۆن كرایه‌وه، كه له مه‌ودوا پێكه‌وه هاوكار بن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و كار به‌و ڕێکكه‌وتنە بكرێت كه ئیمزای نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی له‌سه‌ره بۆ هاوكاریی نێوان هه‌ردوو كۆمسیۆن."
گوته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، مه‌به‌ستی سه‌ردانی شاندی كۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌غدا ئاشكرا كرد و گوتی: "پێشتر لایه‌نه سیاسییه‌كان داوایان له ئێمه كردبوو له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمدا ئه‌گه‌ر بكرێت كار به تۆماری ده‌نگده‌رانی كۆمسیۆنی به‌غدا بكه‌ین، چونكه ئه‌وان لیستی ده‌نگده‌رانیان پاك كردووەته‌وه، به هۆی ئه‌نجامدانی بایۆمه‌ترییه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه شاندی ئێمه داوایان له كۆمسیۆنی به‌غدا كرد و، ئه‌مڕۆ ئه‌وانیش هاوكار بوون و ئاماده‌ییی خۆیان نیشان دا کە دوای ته‌واوبوونی پڕۆسه‌ی بایۆمه‌تری ڕاده‌ستی كۆمسیۆنی هه‌رێمی كوردستانی بكه‌ن، ئه‌وه‌ش هاوكارییه‌كی ته‌واوه بۆ ئاسانكاری له پڕۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان."
شیروان زرار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد: "به پێی ڕێكکه‌وتنی پێشووی نێوانمان هه‌ردوو لامان هاوكاریی ته‌واوی یه‌كترین بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و بڕیاره له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ڵبژاردنی ئایاری داهاتووی عێراقدا چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كه بكه‌ین و هاوكاریان بین له كاتی پێویستدا."
kdp -
