جێگری پارێزگاری نەینەوا: کۆنگرەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی عێراق شکستی هێنا
لە ١٢ تا ١٤ی ئەم مانگە کۆنگرەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە وڵاتی کوێت بە بەشداریی ١٢٣ ئەندام و ٧٠ وڵاتی جیهان و ٣٢٠٠ کۆمپانی بەشدارییان کرد و شاندێکی حکوومەتی هەرێمیش پشکداری کۆنگرەکە بوو، دەرەباری ئەمە، عەبدولقادر شنگالی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە سەرەتاوە ئێمە بڕوامان بەوە نەبوو کە ئەم کۆنگرەیە سەرکەوتن بەدەست دەهێنیت و هەموومان لەو بڕوایەدا بووین، کە شکست دەهێنیت و هەرواش دەرکەوت و شکستی هێنا، چونکە تەنیا دەرفەتی وەبەرهێنان بوون و دەرفەتی وەبەرهێنانیش پێویستی بە زەمینەیەکی ئەمنیی لەبارە تا وەبەرهێنان بکرێت، بەڵام دیارە ئەو ناوچانەی لە داعش ڕزگار بوون هیچ مفایەکی ئەوتۆیان لێی وەرناگرن و ئەو وەبەرهێنانەی هاتووشن مەرجی قورسیان هەیە."
عەبدولقادر شنگالی ئەوەیشی گوت: "بۆ شارێکی وێرانکراوی وەک مووسڵ تەنیا چوار پرۆژە هەبوون، ئەمەش یەکێکە لە فەشەلەکانی کۆنگرەکە و هیچ ئۆمێدێکمان بەوە نییە و بڕوای وڵاتانیش بە کۆمەکبەخشین نەبوو."
خروقاتی حەشدی شەعبی لە مووسڵ
لە وڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئاخۆ ئێستا حەشدی شەعبی لە مووسڵ و دەوربەری چ پێشلکارییەک دەکا، عەبدولقادر شنگالی دەڵێ: "هەر لە سەرەتای هاتنی حەشدی شەعبییەوە چەندین پێشێلکاری کردوون و دیموگرافیای ناوچەکەی گۆڕیوە و دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی پاریزگاکەدا گرتووە."
عەبدولقادر شنگالی دەڵێت: "لە هەڵبژاردنەکاندا دیار دەبێت کە ئایا کارتێکردنی حەشد چەند گەورە بووە و چەند کەسی نزیکی خۆی پاڵاوتوون، کە دەنگی مووسڵی بۆ دەبەن."
جێگری پارێزگاری نەینەوا گوتیشی: "ئێستا ئێمە وەک پارێزگای مووسڵ هیچ شەرعییەت بەو کەسانە نادەین کە حەشدی شەعبی لە پلە و پۆستە ئیدارییەکانی شارەکەدا جێگیری کردوون و مامەڵەشیان لەگەڵ ناکەین و تا ئەم کاتەش ئێمە لەگەڵ پۆستە شەرعییەکانی مووسڵین و مامەڵە لەگەڵ ئەوان دەکەین."
عەبدولقادر گوتی: "تا ئێستا بەڕێوەبەری ناحیەی قەیرەوان و بەڕێوەبەری ناحیەی قەحتانیە و قائمقامی شنگال و بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێش گۆڕاون و ئەمەش گەورەترین پێشێلکاریی یاسایی حەشدی شەعبیە."
ئاماژەیشی دا: "لەسەر ئەم پێشێلکارییانە نامەمان بۆ هەموو فەرمانگە حکوومیەکان ناردووە، بە هیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەم کەسانە نەکەن و هەر لەسەر ئەم پێشێلکارییانە دەنگی خۆمان گەیاندووە بە ئەمەریکا و کۆبوونەوەمان لەگەڵ کۆنسوڵخانەی ئەمریکاش کرد لەسەر ئەم پرسە و ئەوانیش لە سەر ئەم خروقاتانە ئاگادارن."
kdp-
