یەپەگە راگەیەندراوێک لەبارەی ئاگربەست لە سووریا بڵاو دەکاتەوە

 یەپەگە راگەیەندراوێک لەبارەی ئاگربەست لە سووریا بڵاو دەکاتەوە
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) راگەیەندراوێک لەبارەی ئاگربەست لە سووریا بڵاو دەکاتەوە، کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری دابوو.

لە راگەیەندراوەکەدا، کە رۆژی یەکشەممە 25/2/2018 بڵاو کراوەتەوە، ناوەندی راگەیاندنی یەپەگە رایدەگەیەنێت، کە شەڕڤانەکانیان پابەندی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبن.

یەپەگە هەروەها رایگەیاندووە، کە جگە لەو بەرانەی شەڕ لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، شەڕ لە هەموو بەرەکان و دژی هەموو لایەنە شەڕکەرەکانی سووریا رادەگرن.

لەبارەی شەڕی دژی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، کە لە رۆژی 20/1/2018ـەوە دەستی پێ کردووە، یەپەگە رایگەیاندووە، ئەوان شەڕ لە دژی سوپای تورکیاش رادەگرن، بەڵام ئەگەر سوپای تورکیا بەردەوام بوو لە هێرشەکانی بۆ سەر شارەکە، ئەوا یەپەدەش ”مافی بەرگریکردن لەخۆی هەیە“.

شەوی شەممە 24/2/2018، ئەنجومەنی ئاسایش پرۆژەی درێژکردنەوەی ئاگربەست و راگرتنی شەڕ لە سووریا، بۆ ماوەی یەک مانگ، پەسەند کرد، بە مەبەستی رێخۆشکردن بۆ تیمە مرۆییەکان بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە لێقەوماوانی شەڕ لەو وڵاتە.

پێش راگەیەندراوەکەی یەپەگە، حەمید ئاکسۆی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا، پابەندیی وڵاتەکەی بە ئاگربەست راگەیاند، بەڵام ”ئاگربەستی سوپای تورکیا شەڕی دژی رێکخراوە تیرۆریستییەکان ناگرێتەوە“، وەک ئاماژەیەک بۆ یەپەگەی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان.

لە مانگی ئاداری 2011ـەوە (نزیکەی هەشت ساڵە)، شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.

بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
Top