بەرپرسێکی یەکێتی: حکوومەتی عێراق خۆی دەنگۆی هێرشی داعش بۆ سەر کەرکووک بڵاو دەکاتەوە

 بەرپرسێکی یەکێتی: حکوومەتی عێراق خۆی دەنگۆی هێرشی داعش بۆ سەر کەرکووک بڵاو دەکاتەوە
ئەندامێكی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئاشکرای کرد، ئەو دەنگۆیانەی کە لە بارەی هێرشی داعش بۆ سەر کەرکووک هەن، لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بڵاو دەکرێنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 25/2/2018، ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە فراکسیۆنی یەکێتی، ڕایگەیاند: "حكوومەتی عێراقی خۆیان بڵاویان كردووەتەوە كە مەترسی هێرشی داعش بۆ سنووری كەركووك هەیە، تەنانەت حكوومەت نووسراوی ئاراستەی بنكەكانی پۆلیسی كردووە بۆ ئەوەی ئاگادار بن لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو".

روونی كردەوە، ئەوانەی كە بانگەشەی هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ سنووری كەركووك دەكەن، ”خەڵك نین، بەڵكو حكوومەت خۆیەتی“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە هێزە ئەمنییەكان لە سنووری كەركووك کەوتوونەتە بارەگا كۆكردنەوە و ”لە هەندێك شوێنیش خۆیان قایم دەكەن“. گوتیشی: ”ئەوان لە بری ئەوەی بێن پارێزگاری لە خەڵك بكەن، كەچی خۆیان قایم دەكەن“.

ئەحمەد عەسكەری جەختی كردەوە، خەڵک متمانەی بە هەر هێزێك نەبێت، ناتوانێت ئاسایشی هیچ شوێنێك بپارێزێت. ئەوەشی نەشاردەوە: ”كەركووكییەكان متمانەیان بەو هێزانەی ئێستا لە كەركووكن، نییە، چونكە ئەو هێزانە شارەزا نین و هیچ بەرنامەیەكیان بۆ سەقامگیریی ئەمنی نییە كە بە هاوكاریی خەڵكی شارەكە بیكات، بۆیە بەدڵنیاییەوە ناتوانێت ئەركەكانی جێبەجێ بكات“.

لەلایەكی ترەوە، ئەحمەد عەسكەری ئاماژەی بۆ تەقینەوەكەی ئەمڕۆی كەركووك كرد و ڕای گەیاند: "تەقینەوەكەی ئەمڕۆ لەبەردەم ماڵەكەی مندا بووە كە ماڵەكەم نزیكە لە بارەگای عەسائیبی ئەهلی حەقی سەر بە حەشدی شەعبی، پێشتر ئەو باڵاخانەیە، بارەگای سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی بووە".










باسنیوز)
Top