میدیاکانی پەکەکە لەبارەی دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم روونکردنەوە دەدەن

 میدیاکانی پەکەکە لەبارەی دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم روونکردنەوە دەدەن
میدیاکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەبارەی دەستگیرکرانی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)، روونکردنەوە بڵاو دەکەنەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی میدیاکانی پەکەکە بڵاوی دەکەنەوە، ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتی (تەڤدەم)،لە پراگی پایتەختی چیک دەستگیر کراوە.

وەک ئەو میدیایانە بڵاویان کردووەتەوە، ساڵح موسلیم بە سەردانێکی فەرمیی بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێک، لە چیک بووە و لە رۆژی شەممە 24/2/2018ـەوە لەلایەن کارمەندانی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)ـەوە خرابووە ژێر چاودێری.

دوای دەستگیرکرانی هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە لەلایەن پۆلیسی چیکەوە لە رۆژی یەکشەممە 25/2/2018، حکوومەتی تورکیا دەستی بە جموجۆڵ کردووە بۆ رازیکردنی دەسەڵاتدارانی چیک بە رادەستکردنەوەی ساڵح موسلیم بەو وڵاتە.


رۆژی 13/2/2018، حکوومەتی تورکیا ساڵح موسلیمی خستە ناو لیستی تیرۆری سوور، کە بەپێی بنەماکانی تورکیا، لیستی سوور بە ”ترسناکترین تیرۆریستەکان“ دادەنرێت و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە.


حکوومەتی تورکیا بڕی چوار ملیۆن لیرەی تورکی ( نزیکەی یەک ملیۆن 500 هەزار دۆلار)ی بۆ هەر کەسێک کردبووە خەڵات، کە زانیاریی بۆ دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم، دەدات.

کورتەیەک لە ژیاننامەی ساڵح موسلیم:

- لە ساڵی 1951 لە گوندی شێرانەی سەر بە کۆبانێ لەدایک بووە.

- دەرچووی بەشی کیمیای زانکۆی کنیکی/ کۆلێژی ئەندازیاریی ئیستەنبوڵە لە ساڵی 1977.

- لە یەکەم کۆنگرەی پەیەدە لە ساڵی 2003 بە ئەندامی لێژنەی جێبەجێکردنی پەیەدە هەڵبژێردرا.

- لە کۆنگرەی چوارەمی پەیەدە لە ساڵی 2010، بە هاوسەرۆکی پەیەدە هەڵبژێردرا.

- لە کۆنگرەی حەوتی پەیەدە لە ساڵی 2017، لە پۆستی هاوسەرۆکایەتیی حزبەکەی لادرا.











باسنيوز
Top