مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجام دا
بەپێی زانیارییەكان ئەمڕۆ یەكەشممە 25/2/2018، بەشێك لە مامۆستایانی ناڕازی لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردەوە.
خۆپیشاندەران داوایان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە مووچە بەسەر مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت و داخوازییەكانی تریشیان بهێنێتە دی.
مامۆستا عوسمان، یەكێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بۆ (كوردستان 24) ڕای گەیاند: "ئێمە دەمانەوێت بە بەرپرسانی ئیداری سلێمانی بڵێن كەرتی پەروەردە لە مەترسی دایە و پێویستە پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا بێنە سەر خەت و داهاتی ئەم شارە بۆ كوێ دەڕوات و بەشێكی خەرج بكەن بۆ كەرتی پەروەردە بۆ ئەوەی خوێندنی ئەمساڵی قوتابییان لە فەوتان ڕزگار بكەین".
هاوكات ئەوەش زانراوە كە كەسوكاری قوتابییان بەهۆی بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە، لە دادگای سلێمانی سكاڵایان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە.
باسنيوز
