بەرپرسێکی یەکێتی: نەدەبووایە هێرۆ ئیبراهیم نامەی بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ بناردایە

 بەرپرسێکی یەکێتی: نەدەبووایە هێرۆ ئیبراهیم نامەی بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ بناردایە
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی هەڵەبجەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕەخنەی لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، کەسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی نێو حزبەکەی گرت و نەیشاردەوە کە ”نەدەبووایە نامەی بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ بناردایە“.



ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ھەڵەبجەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند، لە نامەکەی ھێرۆ برایم ئەحمەد، بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ تەنیا باسی بەستنی کۆنگرە کراوە و هێرۆ ئیبراهیم گوتوویەتی، ئەگەر کۆنگرە نەبەستیت، گوناهبار دەبیت. دەشڵێت: ”ھەموومان خۆمان بە خەمخۆری ڕیزەکانی یەکێتی دەزانین، بۆیە ھەمیشە داوای بەستنی کۆنگرە دەکەین".



ئەو بەرپرسەی یەکێتی گوتیشی: ”دەبووایە ھێرۆخان نامەی بۆ کاک کۆسرەت نەناردایە، بەڵکوو سەردانی خودی کۆسرەت ڕەسوڵی بکردایە و پێکەوە باسی بەستنی کۆنگرەی یەکێتی و چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانیان بکردایە، بێگومان ئەوکاتە زیاتر لە یەکتری تێدەگەیشتن و ڕەنگە ئەوکاتە ھەردوولا بڕیاری یەکلاکەرەوەیان بدایە".



بە گوتەی قەدەفەری، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەسەر داوای ژمارەیەک لە ئەندامانی مەڵبەندەکانی یەکێتی، داواکەی ئاراستەی کۆسرەت ڕەسوڵ کردووە.



ئەحمەد قەدەفەری ئاماژەی بەوەش دا: "ئەگەر بمانەوێت دەتوانین لە ماوەی دوو ھەفتەدا کۆنگرەیەکی باش ببەستین، بەڵام ھەندێک کەسی ناو یەکێتی داوای دواخستنی کۆنگرەیان کردووە، بێگومان مەرامی خۆیان ھەیە و دەیانەوێ مەرامەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن“.



ئەحمەد قەدەفەری باسی لەوەش کرد، کۆنگرە دەتوانێت ھەموو کێشەکانی یەکێتیی چارەسەر بکات، چونکە ”کۆنگرە واتە نوێبوونەوەی حزبێکی سیاسی، یان ڕێکخراوێک، بۆیە باشترە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆمان، کۆنکرە ببەستین، خۆ ئەگەر یەکێتیی کۆنگرە پەک بخات، یان کۆنگرە نەبەستێت، ئەوکاتە دەبێ فاتیحا بۆ یەکێتی بخوێنین".




باسنیوز
Top