تورکیا دوای بڕیاری ئاگربەست لە سووریا بەیاننامەیەک دەردەکات
رۆژی یەکشەممە 25/2/2018، حەمید ئاکسۆی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی پێشوازیی لەو بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات.
شەوی شەممە 24/2/2018، ئەنجومەنی ئاسایش پرۆژەی درێژکردنەوەی ئاگربەست و راگرتنی شەڕ لە سووریا، بۆ ماوەی یەک مانگ، پەسەند کرد، بە مەبەستی رێخۆشکردن بۆ تیمە مرۆییەکان بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە لێقەوماوانی شەڕ لەو وڵاتە..
حەمید ئاکسۆی هەروەها رایگەیاندووە، کە سوپای وڵاتەکەی لە هێرشکردنە سەر ”رێکخراوە تیرۆریستییە“کان بەردەوام دەبێت، کە هەوڵی پارچەکردنی خاکی سووریا دەدەن، وەک ئاماژەیەک بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان.
تۆمەتبارکردنی یەپەگە بە دابەشکردنی سووریا و بونیادنانی کیانێکی کوردی لەکاتێک دایە، کە ئەو هێزانەی سەر بە پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەوان نایانەوێ کیانێکی کوردی ”لە باکووری سووریا“ دروست بکەن.
پێشتریش لە رۆژی 20/2/2018، هێزێکی سوپا و میلیشیاکانی سەر رژێمی سووریا لەسەر داوای یەپەگە، گەڕانەوە شاری عەفرین.
گەڕانەوەی هێزەکانی رژێمی سووریا بۆ عەفرین لەکاتێک دایە، کە لە دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە مانگی ئاداری 2011، رژێمی سووریا لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان کشاوەتەوە و پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پەکەکە دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرتووە.
رۆژی چوارشەممە 21/2/2018، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، کە سوپای وڵاتەکەی رۆژی سێشەممە هێزێکی سەر بە رژێمی سووریا لە نزیک عەفرین تۆپباران کردووە و 40 تا 50 ئۆتۆمبـێلی ئەو هێزە تێک شکێندراوە.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە (نزیکەی هەشت ساڵە)، شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
