ماڵپەڕێکی رووسی: سوپای تورکیا گەیشتە نزیک عەفرین

 ماڵپەڕێکی رووسی: سوپای تورکیا گەیشتە نزیک عەفرین
سوپای تورکیا لە هێرشکردنە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و دەگاتە نزیک شارەکە.



بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی (RT)ـی رووسی، سوپای تورکیا دەروازەی زیارەی عەفرینی بۆردومان کردووە و هاتوچۆی لەنێوان زیارە لەلایەک و ناوچەکانی باسوتە و جەبەل ئەحلام تا دەگاتە عەفرین، پەک خستووە.



هەروەک پەیامنـێری ئەو ماڵپەڕە رایگەیاندووە، سوپای تورکیا بە پشتیوانیی فڕۆکە جەنگییەکانیان، چووەتە ناو شارەدێی جوندرێس لە گوندەوارەکانی عەفرین و ئێستا تەنیا 20 کیلۆمەتر لە سەنتەری عەفرینەوە دوورە.



ئەو پێشڕەوییەی سوپای تورکیا لەکاتێک دایە، کە لەسەر داوای یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، سوپا و میلیشیاکانی سەر بە رژێمی سووریا گەڕاونەتەوە ناو شاری عەفرین.



رۆژی چوارشەممە 21/2/2018، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، کە سوپای وڵاتەکەی رۆژی سێشەممە هێزێکی سەر بە رژێمی سووریا لە نزیک عەفرین تۆپباران کردووە و 40 تا 50 ئۆتۆمبـێلی ئەو هێزە تێک شکێندراوە.



بەپێی هەواڵی میدیاکانی سەر بە رژێمی سووریا، پاش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 20/2/2018، هێزەێکی ئەو رژێمە لەسەر داوای یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، گەیشتوونەتەوە عەفرین.



گەڕانەوەی هێزەکانی رژێمی سووریا بۆ عەفرین لەکاتێک دایە، کە لە دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە مانگی ئاداری 2011، رژێمی سووریا لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان کشاوەتەوە و پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پەکەکە دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرتووە.






باسنیوز
Top