تەقینەوەیەک لە بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە کەرکووک رووی دا
تەقینەوەکە سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 25/2/2018 لەناو بارەگایەکی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق لە کەرکووک رووی داوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو بارەگایەی عەسایب ئەهلی حەق، کە تەقینەوەکەی لێ روو داوە، کەوتووەتە گەڕەکی (ساحە تەیەڕان) و پێش داگیرکردنی شارەکە، بارەگای پارتی گەلی تورکمانی بوو.
زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە تەقینەوەکە لەڕێی خۆکوژێکەوە رووی داوە و تا ئێستاش ژمارەی کوژراو و برینداران نەزانراوە.
شەوی شەممە 24/2/2018 لە گەڕەکی پەنجا عەلی، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوەوە، دوو کەس بریندار بوون و چەکدارانی نەناسراویش پەلاماری پۆلیسی نەوت و گازیان لە رۆژئاوای شارەکە، داوە.
دوای داگیرکردنی شارەکە لە ئەنجامی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، ئاسایش و سەقامگیریی ئەو شارە بە تەواوی تێکچووە و ئەو گرووپپە چەکدارییانە و هێزە عێراقییەکانیش توانای پاراستنی ئەو شارەیان نییە.
باسنیوز
