پڕۆژەیەكی 250 ملیۆن دۆلاری لە هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێكردن

پڕۆژەیەكی 250 ملیۆن دۆلاری لە هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێكردن
كارگەیەكی تایبەت بە ریسایكلینی زبڵ و خاشاك لە پارێزگای هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێكردن.


بەپێی ئەو زانیاریانەی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە (باسنیوز) گەیشتووە،، بڕیاروایە لەسەرەتای ئەم هەفتەیە حكوومەت گرێبەستی دامەزراندنی كارگەیەكی ریسایكڵینی زبڵ و خاشاك واژۆ بكات.


ئەو گرێبەستە بەهاكەی 250 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە و كارگەكەش لە ماوەی 9 مانگ دادەمەزرێت و دەست بەكار دەبێت.


فەرمان خەلیل، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە شارەوانی هەولێر زانیاریەكان پشتڕاستكردەوە و رای گەیاند: "وەزیری شارەوانی لەم یەك دوو رۆژە وردەكاری گرێبەستەكە رادەگەیەنێت كە تایبەتە بە كارگەیەكی ریسایكڵینی زبڵ و خاشاك و لە سەر ئاستی عێراقیش یەكەمجارە كارگەی لەم جۆرە دروست بكرێت".


ئەو بەرپرسەی شارەوانی هەولێر گوتیشی، بە دروستبوونی ئەو كارگەیە زبڵخانەی كانی قرژاڵە بە یەكجاری دادەخرێت.


لە هەرێمی كوردستان تێچووی هەر مانگێكی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك شەش ملیار و 945 ملیۆن و 820 هەزار دینارەو زۆرترین ئەو پارەیەش بۆ كۆكردنەوەی زبڵی پارێزگای هەولێر تەرخان دەكرێ‌ كە دوو ملیار و 645 ملیۆن و 820 هەزار دینارە
bas news-
Top