کشانەوەی هێزە عێراقییەکان دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی سنووری کەرکووک دروست دەکا

کشانەوەی هێزە عێراقییەکان دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی سنووری کەرکووک دروست دەکا


بەهۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگای کەرکووک و سەڵاحەدین و کشانەوەی هێزەکانی سەر بە حەشدی شەعبی و پۆلیسی ئیتیحادی، ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی سنوورەکە دروست کردووە.



بەپێی زانیارییەکان، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە چەندان ناوچە، شەوانە لە ترسی هێرشی داعش، مۆڵگەکانیان جێدەهێڵن و بە ڕۆژیش بۆی دەگەڕێنەوە، ئەمەش ترس و نیگەرانی دورست کردووە.



لەمبارەیەوە ئەمڕۆ شەممە 24/2/2018، فارووق ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی داقووق، ڕاگەیاند: "هێزە عێراقییەكان لە دەوروبەری داقووق و بە دیاریكراوی لە ناوچەی تاڵەبان و گوندە كاكەیی نشینەكان كشاونەتەوە و تەنیا لە گوندی (هێدە) ماونەتەوە. لە سنووری ناوچەی (هەفتەغار)یش كە لە چەند گوندێك پێكدێن، كشاونەتەوە".



ڕوونی كردەوە، ماوەی دوو شەوە هێزە عێراقییەكان لەو گوندانە نەماون و گەڕاونەتەوە ناو سەنتەری شارۆچکەکە. ئەوەشی نەشاردەوە کە بەهۆی ئەو کشانەوەیەوە، “خەڵك لە دڵەڕاوكێدا دەژین و هاوشێوەی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، بەشێك لە خەڵكی ئەو گوندانە دەرچوون و خەڵكانێكی تریش هەن، ئامادەکاری بۆ دەرچوون دەکەن، بەتایبەت گوندەكانی سنووری هەفتەغار، چونكە هیچ هێزێك لەو سنوورانە نەماون".



هەر لەمبارەیەوە، كاوە ئەحمەد، كارگێڕی لقی كەركووكی پارتی دیموكراتی كوردستان،ڕاگەیاند: "دوای كوشتنی 27 چەکدار و بە دیلگرتنی 30 چەكداری دیكەی حەشدی شەعبی لە سنووری شارۆچكەی حەویجەی سەر بە پارێزگای كەركووك، تیرۆریستانی داعش لەو سنوورە جموجۆڵێکی زۆریان هەیە، ئەمەش ڕەنگە مەترسی بۆ سەر باشووری كەركووك دروست بكات، بەڵام دۆخی ناوەندیی شاری كەركووك وەك دۆخی دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەرە و هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ رووی نەداوە".



ئەو بەرپرسەی پەرتی جەختی كردەوە: "كەركووكییەكان متمانەیان بەو هێزە نامۆیانە نییە كە ئێستا لە كەركووك دان، ئەمەش وای كردووە ڕەوشی بەشێك لە هاووڵاتییان لەڕووی سایكۆلۆژییەوە تێك بدات، چونكە خەڵك لە ژێر فشارێكی زۆر دایە".



بەپێی زانیارییەكان داعش جارێكی تر لە سنووری حەویجە سەریان هەڵداوەتەوە و لە چەند رۆژی ڕابردوودا ڕووبەڕوو بوونەوەیان لەگەڵ چەكدارانی حەشدی شەعبی لەو سنوورەدا هەبووە و مەترسیی هێرشی تیرۆریستانی داعش كەوتووەتە سەر ئەو گوندانە.
bas news-
Top