عەلیاوەیی: عەبادی هەنگاوێكی كرداریی نەناوە.. نە مووچە نێردراوە و نە فڕۆكەخانەكانیش كراونەتەوە

عەلیاوەیی: عەبادی هەنگاوێكی كرداریی نەناوە.. نە مووچە نێردراوە و نە فڕۆكەخانەكانیش كراونەتەوە
ڕاوێكارێكی سەرۆككۆمار دەڵێ، سەرۆكوەزیرانی عێراق باسی لەوە كردووە كە ترلیۆنێك دینار لە پشكی هەرێمی كوردستان زیاد كراوە و، بڕیارە سێشەممەی داهاتوویش دەنگی لەسەر بدرێت، بۆیە ئەو كات دیار دەبێت هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا كراوە یاخود نا، چونكە عەبادی بەردەوام بەڵێنی داوە و هیچ هەنگاوێكی كرداریی نەناوە.

راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "سەبارەت بە پشكی هەریمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجە، سەرۆكوەزیرانی عێراق باسی لەوە كردووە كە هەندێك هەڵە لە حیسابات هەبووە لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستانەوە، بۆیە ترلیۆنێك دیناری بۆ زیاد كراوە، بەمەیش پشكی هەرێمی كوردستان بووە بە زیاتر لەحەوت ترلیۆن دینار، بڕیاریشە رۆژی سێشەممە دەنگ لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجە بدرێت و ئەو كات دیار دەبێت كە پشكی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاریی تێدا كراوە یاخود نا."

لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایش، راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق گوتی، "جێی سەرسووڕمانە كە سەرۆكوەزیرانی عێراق بەردەوام باس لەوە دەكات كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەنگاوی باشی بۆ نراوە بۆ چارەكردن، بەڵام لە كرداردا تا ئێستا هیچی نەكراوە، نە مووچە نێردراوە و نە فڕۆكەخانەكانیش كراونەتەوە، بۆیە لە نهێنیی ئەمە تێناگەین".

عەلیاوەیی گوتیشی، "بڕیار بوو پێش 10رۆژ حكوومەتی عێراق مووچەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی رەوانە بكات، بەڵام تاوەكوو ئێستا هیچ باسێكی نییە، كە ئەمە قسەی خۆی بووە لە دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیراندا، جگە لەوەیش لە لێدوانەكانیدا باسی لەوە دەكرد كە بەم زووانە فڕۆكەخانەكان دەكرێنەوە، بەڵام بەداخەوە پێش دوو رۆژ قسەی پێچەوانەی كردووە و گوتوویەتی هیچ رێككەوتنێك نەكراوە".

سەبارەت بە هەڵوێستی نێودەوڵەتییش لەو بارەیەوە، عەبدوڵڵا عەلیاوەیی ئاشكرای كرد، "هەموو وڵاتان تێكڕا داوا دەكەن كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور چارە بكرێن، بەڵام سەرۆكوەزیرانی عێراق هیچ هەنگاوێكی كرداریی نەناوە، بۆیە پێویستە وڵاتان هەوڵی جیددیتر بدەن نەك تەنیا داواكاری بكەن، چونكە ئەگەر جیددی بن، كێشەكان چارە دەبن".
kdp-
Top