وەڵامی پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی دەدرێتەوە

 وەڵامی پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی دەدرێتەوە
ئەندامێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق، وەڵامی پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان دەداتەوە، لە بارەی دەستووریبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ”هەندێک لە پەرلەمانتاران بوونەتە پارێزەری عەبادی“.


زانا ڕۆستایی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بۆ میدیایەکی سلێمانی باسی لەوە کرد کە حکوومەتی عێراق دەیەوێ تەنیا 50 هەزار کەس لە چوارچێوەی پۆلیس و ئاسایش وەک هێزی پاسەوانی سنووری هەرێمی کوردستان بهێڵێتەوە، چونکە بە گوتەی ئەو، ناوی پێشمەرگە لە دەستووردا نەهاتووە.

لە بەرامبەردا ئیسلام حوسێن، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: "ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كورد بوونەتە دەمڕاستی حكوومەتی عێراق و ڕاستی ئەوانیش بۆ خەڵك دەركەوتووە“. ڕوونیشی کردەوە، هێزەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هێزە دەستوورییەکان دان و پێویستە هەرچی كەرەستەی سەربازی و بودجە كە دەدرێت بە هێزە چەكدارەكانی عێراق، بە پێشمەرگەش بدرێت".


ئاماژەشی بەوە کرد کە کاری پێشمەرگە بریتییە لە بەرگریکردن لە سنووری هەرێمی كوردستان. گوتیشی: ”لە بودجەی ساڵی ڕابردووی عێراقدا كە بۆ وەزارەتەكان تەرخان کراوە، ناوی پێشمەرگەش هاتبوو، هەر ئەو پەرلەمانتارانەی وەک زانا رۆستایی و ئاڵا تاڵەبانی، كۆنگرەی رۆژنامەوانییان ئەنجام دەدا و بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە ئەوان جێگەی ناوی پێشمەرگەیان كردووەتەوە“.






باسنیوز
Top